جگه‌ره‌ كێشان : هه‌موو شه‌ش چركه‌یه‌ك كه‌سێك ده‌كوژێت

پارێزگای سلێمانی

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ڕایگه‌یاند: ساڵانه‌ نزیكه‌ی 6 ملیۆن كه‌س به‌ هۆی جگه‌ره‌ كێشانه‌وه‌ ده‌مرن، له‌ نێوایاندا زیاتر له‌ 5 ملیۆن كه‌س له‌وانه‌ی ده‌یكێشن ، یان پێشتر كێشاویانه‌. له‌ گه‌ڵ زیاتر له‌ 600 هه‌زار كه‌س له‌وانه‌ی كه‌ نایكێشن به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی دووكه‌ڵه‌كه‌ی ده‌بنه‌وه‌. واتا به‌ ڕێژه‌ی یه‌ك كه‌س له‌ هه‌ر شه‌ش چركه‌دا.

ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ به‌یانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر ڕێ و شوێنی پێویست نه‌گیرێته‌ به‌ر ئه‌وا به‌ هاتنی ساڵی 2030 ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ هۆی جگه‌ره‌ كێشانه‌وه‌ ده‌مرن ده‌گاته‌ 8 ملیۆن كه‌س.

ئاماره‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن له‌ سه‌دا 80% ی ئه‌و كه‌سانه‌ی جگه‌ره‌ ده‌كێشن، كه‌ ژماره‌یان یه‌ك ملیار كه‌سه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له‌ ووڵاته‌ هه‌ژاره‌كان و مامناوه‌نده‌كان ده‌ژین.

هه‌ر له‌ ئاماره‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا كرا (تووتن) بووه‌ته‌ هۆی مردنی 100 ملیۆن كه‌س له‌ سه‌ده‌ی بیست دا، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ بڕۆن ئه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا نزیكه‌ی یه‌ك ملیار كه‌س ده‌مرن.

دووكه‌ڵی (تووتن) زیاتر له‌ 4 هه‌زار ماده‌ی كیمیاوی تێدایه‌، به‌لایه‌نی كه‌م 250 ماده‌ی ناسراوه‌ كه‌ زه‌ره‌مه‌نده‌ ، و 50 ماده‌ی دیكه‌ش ناسراوه‌ كه‌ تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات.