د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە دیوانی قائیمقامیەتدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنە هاوبەشەکاندا کۆبۆوە،
لە کۆبونەوەیەکدا کە لە دیوانى قائیمقامیەتى سلێمانى بەرێوەچوو بە ئامادەبوونی ئاسایشى ئابوورى و چادێرى بازرگانى و لیژنە هاوبەشەکان، گفتوگۆى ورد کرا لەبارەى چاودێرى بازاڕ بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەى نرخى شمەک و کاڵا و مادە خۆراکییەکان بەتایبەت کە بڕیارى لابردنى سیستمى پاشەکەوتى موچە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە دراوە و لە وەرزى گەشت و سەیرانیش نزیک بوینەتەوە.
لە کۆبونەوەکەدا هەریەکە لە پارێزگار و قائیمقامى سلێمانى تەواوى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتیان راسپارد سەردان و چاودێرییەکانیان زیاتر و وردتر بکەن بۆ ئەوەى رێگەنەدرێت هیچ کەس و فرۆشگایەک نرخى شمەک و خۆراک بەرز بکاتەوە. پشتگیرى تەواوى خۆیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیان بۆ کارى لیژنەکانى قائیمقامیەت دوپاتکردەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاوات محەمەد- قائیمقامى سلێمانى رایگەیاند تا ئێستا لە بازاڕەکانى سلێمانیدا بە هیچ جۆرێک نرخ بەرزنەبووتەوە و چاودێرییەکانیشمان زیاتر کردووە بۆ فرۆشگا و بازاڕەکان.
وتیشى: لەم ماوەیەدا تەنها نرخى گۆشتى سور و مریشک بەرزبووەتەوە کە ئەویش هیچ پەیوەندییەکى بە دۆخى ئابورى و سیستمى موچەوە نییە، تەنها پەیوەندى بە کەمبونەوەى ئەو بەرهەمانە لە ناوخۆ و کەمبونەوەى بڕى هاوردەوە هەیە و کارى پێویست دەکەین بۆئەوەى ئەو حاڵەتەش چارەسەر بکەین.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا قائیمقامى سلێمانى ئاشکرایکرد کە لە ماوەیەکى نزیکدا لیژنەیەکى تایبەت بە پاراستنى شوێنەوار دروست دەکەین کە رێگە دەگرێت لە لەناوچوونى خانو و گەڕەکە کۆنەکانى شارى سلێمانى.