پارێزگاری سلێمانی سەردانی شاری ئامەدی كرد

پارێزگای سلێمانی

 

 د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکایەتی ژورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی دیاربەکر (ئامەد)، بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی تایبەت بە نەورۆزو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و دیاربەکرو یەکخستنی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان دیاربەکرو سلێمانی و بەسەرکردنەوەی چەند کارگەیەکی پیشەسازیی و بەرهەمهێنانی وزەی خۆرو پەرەپێدانی سێکتەری گەشتوگوزارو کشتوکاڵ، سەردانی تورکیای کرد.
پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەن و سەرۆکی ژورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی دیاربەکرو جێگرو ئەندامانی ژورەکە کۆبۆوە، دواتر لەگەڵ  سەرۆک و جێگرو ئەندامانی ناوچەی پیشەسازی ئەم پارێزگایەو بەشێک لە وەبەرهێن و خاوەنکارو سەرمایەداراندا کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر پتەوکردنی هاوکاریی و هەماهەنگی و پڕۆژەی هاوبەشی نێوان سلێمانی و دیاربەکر کرایەوەو هەنگاونان بۆ پرۆتۆکۆلی هاوبەشی ژورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەردوولا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە سلێمانی ئیمزاکرا، دووپات کرایەوە.
لەبەرامبەر پشتیوانیەکانی پارێزگای سلێمانی لەم بوارانەدا. خەڵاتی ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی ناوچە پیشەسازییەکانی پارێزگای دیاربەکریان بەخشییە پارێزگاری سلێمانی.
وا بڕیارە  لە ئایندەیەکی نزیکیدا گەشتی نێوان ئامەدو سلێمانی بکرێتەوەو وەفدی هاوبەشی هەردوو ژورە بازرگانی و پیشەسازییەکان دیدارو سەردانی زیاتر بۆ کاراترکردنی پەیوەندیی و پڕۆژەکان، بکەن.