بریار لەسەر چۆنێـتی جێبەجێ كردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەدرێت

پارێزگای سلێمانی

رۆژی سێشەممە (١٤ / ٥ / ٢٠١٩)، بە سەرپەرشتی به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێکردنی پرۆژه‌ی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە کرا و وادەی ١٠رۆژ بۆ پێشكەشكردنی راپۆرت و پێشنیارەكان دیاریكرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ ١٤ ئایاری ٢٠١٩ لە سلێمانی بەرێوەچوو و به‌ڕێزان وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بریکاری وەزیری شارەوانی وسەرۆکی شارەوانی سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ئامادەیبوون، بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی ١٠ رۆژی کاریدا لە راپۆرتێکدا پێشنیار و راسپاردەکانی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕیار لە چۆنیەتی دەستپێکردنی بدرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەو هات کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی به‌رێز قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم سەبارەت بە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان، بڕیار درا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.