كار بۆ پەرەپێدان‌و بوژاندنەوەی كتێبخانەكان دەكرێت

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لەبەڕێوەبەرانی كتێبخانەكان دەكات‌و گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدان‌و بوژاندنەوەی زیاتری كتێبخانەكان دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەدیوانی پارێزگا لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی سلێمانی‌و بەڕێوەبەری كتێبخانەی یەكە كارگێڕییەكاندا كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك.
لەمیانی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕا كرا سەبارەت بەپەرەپێدانی زیاترو بوژاندنەوەی باشتری كتێبخانەكان، وەك ناوەندێكی ڕۆشنبیریی‌و كەلتووریی‌و زانستی لەسەرجەم ناوچەكاندا.
بەڕێز پارێزگار جەختی كردەوە لەسەر بەگەڕخستنی تواناكان، لەپێناو بەرەوپێشبردنی كاروباری كتێبخانەكان، هەتا لەخزمەتی هاوڵاتیان‌و رۆشنبیراندا بن‌و خوێندنەوە بكرێتە كەلتوور لەناو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگەدا، پشتیوانیی پارێزگاشی بۆ هاوكاریكردنی كتێبخانەكان دەربڕی.