پرۆژەی پرۆژەی دۆكیومێنتكردنی گەڕەك و بینا كۆنەكانی شاری سلێمانی لەلایەن سیتی لابی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت.
پرۆژەكە بەهاوكاریی د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د. سیروان خورشید رەفیق راگری كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی و ئەندازیار عادل لەتیف مەولەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ڤیو پایەنیرو و بەڕێزان د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد غەفور قائیمقامی سلێمانی و ئەندازیار كەمال رەشید بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی و ئەندازیار تابان جەبار بەڕێوەبەری پلاندانان و بەداواچوون لەپارێزگای سلێمانی ئەنجام دراوە.
ئامانجی سەرەكیی پرۆژەكە بریتییە لە پارێزگاریكردن لە مێژوو و هونەری تەلارسازیی شاری سلێمانی و ئەو بەشە كەمەی بیناو خانووە كۆنەكان كە ماون لەڕووخان و رووخاندن رزگار بكرێن و پەرەپێدانی كەرتی ئابووریی شار لەڕێگەی پەرەپێدان بەگەشتوگوزار لەو خانوو و گەڕەكانەدا.
گرنگیی پرۆژەكە:
1. پارێزگاریكردن لەپێناسەو ناسنامەی شاری سلێمانی.
2. گرنگیی زۆری ئەو خانوو و گەڕەكە كۆنانە بۆ پەرەپێدانی لایەنی ئابووریی شار.
3. نەبوونی ئامارێكی تەواوی ئەو خانوو و گەڕەكە كۆنانە، پەرەپێدان بەبواری توێژینەوەی زانستی لە بەشەكانی تەلارسازی و مێژووناسی و كەلتووری.
4. رزگاركردنی ئەو بەشە كەمەی كە ماوە لەخانوو و بینا و بەشە كۆنەكانی شاری سلێمانی لەڕووخان و رووخاندن.
5. بۆ دروستكردنی داتابەیس ژێرخانە زانیارییەكی راست و دروست لەڕێگای بەكارهێنانی سیستەمی (GIS) بۆ دروستكردنەوەی ئەو بیناو خانووانەی كە ئێستا ماون و لە ڕێگەی لەناوچووندان ئەگەر پێش فریاكەوتنی نۆژەنكردنەوەیان لەناوچوون.
6. بۆ پارێزگاریكردن لە شێوازی ژیانی رۆژانە و كەلتووری رەسەنی شارەكە كە بە لەناوچوونی خانووە كۆنەكان ئەوانیش لەناودەچن.
7. قۆناغێكی گرنگ و سەرەكی و پێویستە بۆ دروستكردنی ماستەرپلانێكی گشتگیر بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گەڕەكە كۆنەكاندا كە زۆر پێویستە بە زووترین كات ئەنجام بدرێت.