بەشێكی نوێ‌ بۆ نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد دەكرێتەوە

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی بەشداریی لە كردنەوەی بەشێكی نوێی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیددا كرد، كە تایبەتە بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان ‌و ئیدارەی نەخۆشخانەكەش خەڵاتی رێزلێنانی پێدەبەخشێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 21/7/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بەشداریی كرد لە مەراسیمی كردنەوەی بەشی نەخۆشیی درێژخایەنی نەخۆشخانەی (د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵانی فێركاری) كە لەسەر ئەركی گروپی كۆمپانیاكانی نەجمەدین جێبەجێ كراوە.
لە مەراسیمەكەدا خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مناڵانەوە پێشكەش بە پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز كاك نەجمەدین خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نەجمەدین كرا،  لەبەرامبەر هاوكاریكردنی كەرتی تەندروستی، بەتایبەت كە پارێزگای سلێمانی لەسەر بودجەی خۆی بەشداریی لە نوێكردنەوەی نەخۆشخانەی مناڵاندا دەكات. 
پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكدا پشتیوانیی خۆی بۆ كەرتی تەندروستی دەربڕی و سوپاسی كارە خۆبەخشانەو دڵسۆزانەكانی كەرتی تایبەتی نیشتمانیی و بەتایبەتی گروپی كۆمپانیاكانی نەجمەدینی كرد.