هەڵمەتێك بۆ بەرگری لە ڕووداوی هاتوچۆ و فریاگوزاریی سەرەتایی

پارێزگای سلێمانی

لەژێر چاودێریی پارێزگاری سلێمانیدا، هەڵمەتێكی بەرگری لە رووداوی هاتوچۆ ‌و فریاگوزاریی سەرەتایی بەڕێوەدەچێت بەهاوكاریی ‌و هەماهەنگیی چەند فەرمانگە ‌و كۆمپانیایەك.
ئەمڕۆ سێشەممە 23/7/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر بەشداریی لە راگەیاندنی هەڵمەتی بەرگری لە رووداوی هاتوچۆ ‌و فریاگوزاریی سەرەتاییدا كرد، كە گروپی ئەلسەرد بە سەرپەرشتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەهاوكاریی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی هاتوچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، هەڵمەتەكەی راگەیاند ‌و بڕیارە چەندین چالاكیی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت.
هەڵمەتەكە لەهۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد ‌و ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتار ‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ‌و بەرپرسانی حكومی ‌و كەسایەتی ‌و دەزگاكانی راگەیاندن ‌و رێكخراوەكان بەشدارییان تێدا كرد.
رێكخەرانی مەراسیمەكە ئاماژەیان بەوەدا، مەبەستی سەرەكی لەئەنجامدانی هەڵمەتەكە بۆ كەمكردنەوە و رێگریكردنە لە ڕووداوەكانی هاتوچۆ، لەگەڵ رێنماییكردنی شۆفێران و هاوڵاتیان سەبارەت بە چۆنیەتیی فریاگوزارییە سەرەتاییەكان لەكاتی رووداوەكاندا.
بەڕێز پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكدا دەستخۆشیی لەو هەنگاوە كرد‌و هیوای خواست هەموو تواناكان بخرێنە گەڕ لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیان ‌و پێگەیاندنی تاكی هۆشیار.