پارێزگار داوای خێرا دروستكردنی ریسایكلینی چەمچەماڵ دەكات

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی چەند پرۆژەیەك بەسەر دەكاتەوە ‌و داوای پەلەكردنیش دەكات لە جێبەجێكردنی پرۆژەی ریسایكلینی چەمچەماڵ.
ئەمڕۆ یەكشەممە 28/7/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە یاوەریی بەڕێزان ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا ‌و بەرپرسانی ئیداری، گەیشتە سنوری قەزای چەمچەماڵ، بەمەبەستی بەسەركردنەوەی پرۆژەی دروستكردنی ریسایكلین ‌و لاندفیڵی تەندروست، كە پرۆژەیەكی ستراتیژییە ‌و ماوەی چەند مانگێكە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكیدا ئاماژەی بەوەكرد، جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ سلێمانی ‌و ناوچەكە ‌و تەواوی كوردستان، سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەكان ‌و هاوڵاتیانی ناوچەكە ‌و كۆمپانیای جێبەجێكارى كرد، كە هاوكار بوون لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا ‌و جەختی كردەوە لەسەر خێرا تەواوكردنی پرۆژەكە، وتیشی: بەتەواوبونی پرۆژەكە رۆژانە 500 تۆن خۆڵ ‌و خاشاك ریسایكلین دەكرێت، بەوەش هەلی كاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت ‌و دەبێتە هۆی پاكڕاگرتنی ژینگەی ناوچەكە.
ئەندازیار كەمال مستەفا سەعید بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بە سایتی پارێزگای راگەیاند، بودجەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكە 7 ملیۆن دۆلارە ‌و لەسەرەتای ئەمساڵەوە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە ‌و لە ماوەی 24 مانگدا لەلایەن كۆمپانیای شكارەوە تەواو دەكرێت.
دواتر بەڕێز پارێزگار ستافی كاركردنی بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە ‌و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانیی بەسەر كردەوە كە لەسەر رێگای نێوان تەیناڵ ‌و تەكیە، سەرقاڵی قیرتاوكردن ‌و چاككردنەوەی رێگای سەرەكیی نێوان سلێمانی ‌و كەركوك بوون، دەستخۆشیی لە كارمەند ‌و كرێكار ‌و شۆفێرەكان كرد ‌و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن كە خزمەت بە هاوڵاتیان دەكەن.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی هەواڵ ‌و چالاكییەكانی پارێزگاری سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك فۆڵۆمان بكەن:

https://www.facebook.com/slemanigov/