پارێزگاری سلێمانی بەئامادەبونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیای ئیكۆسیم كۆدەبێتەوە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی جێبەجێكردنی پرۆژەی ریسایكلینی تانجەرۆ.
رۆژی سێشەممە 30/7/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا و بە ئامادەبونی بەڕێزان (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیای (ئیكۆسیم)ی تایبەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕیسایكلینی تانجەرۆ كۆبوەوە.
لە میانی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی قۆناغەكانی تەواوكردنی پرۆژەكە، ئامادەیی پارێزگای سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دووپات كرایەوە بۆ خێراتر تەواوكردنی پرۆژەكە، كە دەبێتە هۆی پاكڕاگرتنی ژینگەی ناوچەكە و كەمكردنەوەی خۆڵ و خاشاك.
ئامادەبوان ئاماژەیان بەوە كرد، پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار بن بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ریسایكلینی تانجەرۆ و بەخێرایی بخرێتە كار لە پێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان، پرۆژەكەش دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت و نیشانەیەكی شارستانیشە.
بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی هەواڵ و چالاكییەكانی پارێزگاری سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك فۆڵۆمان بكەن: