پارێزگا ‌و پرۆگرامی خۆراكی جیهانی كێشەی خۆراك ‌و ئاوارەكان تاوتوێ‌ دەكەن

پارێزگای سلێمانی

وەفدێكی پرۆگرامی خۆراكی جیهانی ناسراو بە (WFP)، سەردانی پارێزگای سلێمانی دەكات ‌و لەگەڵ جێگری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕیی ‌و بەڕێوەبەری نوسینگەی هەماهەنگیی قەیرانەكان (JCC) ‌و بەرپرسی بەشەكان كۆدەبێتەوە ‌و تاوتوێی كێشەی خۆراك ‌و دۆخی ئاوارەكان دەكەن.
رۆژی پێنجشەممە 1/8/2019، وەفدێكی پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، گەیشتنە پارێزگای سلێمانی كە پێكهاتبوون لە (عەبدولڕەحمان حیجاج) بەڕێوەبەری نیشتمانی ‌و نوێنەری بەرنامەی خۆراكی جیهانی، (سەعید حەمیدی) بەڕێوەبەری نوسینگەی رێكخراوەكە، وەفدەكە لەلایەن بەڕێز (عومەر قەڵادزەیی) جێگری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕیی ‌و بەڕێوەبەر ‌و جێگر ‌و بەرپرسی بەشەكانی نوسینگەی هەماهەنگیی قەیرانەكان بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
لە میانی كۆبونەوەیەكی هاوبەشەدا گفتوگۆ كرا لە بارەی كێشە ‌و گیروگرفتەكانی خۆراك لە سنوری پارێزگای سلێمانی ‌و چۆنێتیی چارەسەركردنی، تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەش تەرخان كرا بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پرۆگرامی خۆراكی جیهانی لە سلێمانی بۆ كەمپی (IDP) ‌و پەنابەرانی سوریا، لەگەڵ كێشەی خۆراكی ئەو ئاوارانەی كە لە دەرەوەی كەمپەكان نیشتەجێ‌ بوون.