وەفدێكی سەندیكای تەكنیككارانی ئەندازەیی كوردستان لەگەڵ جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری كۆدەبێتەوە و خەڵاتی رێزلێنانیش دەبەخشێتە ژمارەك كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی موڵكایەتیی پارێزگا.
رۆژی پێنجشەممە 1/8/2019، بەڕێز (ئەحمەد عەلی) جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری، بەئامادەبوونی چەند بەڕێوەبەرێكی ناحیەكانی پارێزگاو بەڕێوەبەر و لێپرسراوی هۆبەكانی كاروباری هونەری، پێشوازیی لە وەفدێكی سەندیكای تەكنیككارانی ئەندازەیی كوردستان كرد، كە بە سەرۆكایەتیی سەلام عەلی سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای تەكنیككاران سەردانی پارێزگایان كردبوو.
لەمەراسیمێكی شایستەدا خەڵاتی رێزلێنانی سەندیكای تەكنیككارانی ئەندازەیی كوردستان، لەلایەن جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەڕێوەبەرەكانی سەر بەپارێزگاوە بەخشرایە بەڕێوەبەر و تەكنیككاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی موڵكایەتیی پارێزگای سلێمانی.
جێگری پارێزگار لە وتارێكدا سوپاس و دەستخۆشیی لە سەندیكای تەكنیككاران كرد و پیرۆزباییشی لە فەرمانبەران كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن، لای خۆیانەوە سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای تەكنیككاران و وەفدی یاوەری، سوپاسی پارێزگا و جێگری پارێزگاری سلێمانی و كارمەندانیان كرد لە پای ئەو كار و خزمەتانەی پێشكەشی دەكەن بە هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی.