پارێزگا پشتیوانیی لە چالاكییە هونەرییەكان دەكات

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی پێشوازیی لە وەفدێكی یەكێتیی هونەرمەندان دەكات ‌و پشتیوانیی بۆ كارەكانیان دەردەبڕێت، گەلەرییەكی هونەرییش بەسەر دەكاتەوە ‌و جەخت دەكاتەوە لە بەرەوپێشبردنی بواری هونەری لە سلێمانیدا.
ڕۆژی یەكشەممە 4/8/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە بەڕێزان سەرۆكی لقی سلێمانیی یەكێتیی هونەرمەندانی كوردستان و ژمارەیەك ئەكادیمیست و موزیسیان و هونەرمەندە بەهرەمەندەكانی سلێمانی كرد.
وەفدی میوان ئاماژەیان بەوەكرد، ئامانج  لە سەردانەكەیان بۆ پارێزگا گفتوگۆكردنە لە پێناو دانانی پلانی هاوبەش بۆ فێستیڤاڵی گۆرانی دانراو، لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پشتیوانیی خۆی بۆ كارو بەرهەمەكانیان دەربڕی.
ئێوارەی هەمان رۆژ بەڕێز پارێزگار، گەلەریی شێوەكاریی كارەكانی هونەرمەندی بەڕێز كەمال هەژاری بەسەر كردەوە، سوپاس و پشتیوانیی خۆی بۆ كار و چالاكییەكانی دەربڕی و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنی بۆ خواست.