سلێمانی بەنزینخانەی گەڕۆك دەخاتە كار

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی پرۆژەی بەنزینخانەی گەڕۆكی كردەوە، كە بۆ یەكەمجارە لە كوردستان ‌و ناوچەكەدا پرۆژەی لەو شێوەیە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە ‌و نرخی بەنزین ‌و خزمەتگوازرییش لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 6/8/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە بەردەم بینای پارێزگا ‌و بەئامادەبونی كەناڵەكانی راگەیاند، پرۆژەی بەنزینخانەی گەڕۆكی كردەوە، وەك یەكێك لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تایبەت ‌و بۆ یەكەم جارە لە كوردستان ‌و عێراق ‌و ناوچەكەدا پرۆژەی لەو شێوەیە بكەوێتە كار.
بەڕێز پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا، بەنزینخانەی گەڕۆك بەوردی لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە چاودێریی دەكرێت لەڕووی كوالێتی و نرخ و جۆری خزمەتگوزارییەكانەوە، وتیشی: نرخی هەر لیترێك بەنزین (50) پەنجا دینار لە نرخی بازرگانی كەمتر دەبێت.
لە وەڵامی كەناڵەكانی راگەیاندن ‌و رۆژنامەنوساندا پارێزگاری سلێمانی روونیكردەوە، ئامانج لە پرۆژەكە خزمەتی گشتییە ‌و هەنگاوێكی شارستانییە بۆ دروستكردنی كێبركێ‌ لە پێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان. 
دواتر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای سپید فویل كە پرۆژەكە جێبەجێ‌ دەكات باسی لەوە كرد، لە قۆناغی سەرەتادا پرۆژەكە 12 ئۆتۆمبێلی تایبەت لەخۆ دەگرێت كە لەژێر چاودێریی كوالێتی كۆنترۆڵ و بەرهەمە نەوتییەكان و لیژنەكانی قائیمقامیەتدا كار دەكەن.
وتیشی: بێجگە لەوەی ئۆتۆمبێلەكان بەنزین دەگەیەننە ئەو شۆفێرانەی كە پێویستیان پێیەتی، لە هەمان كاتدا چەند خزمەتگوزارییەكی دیكە بەبێ‌ بەرامبەر پێشكەش بەو شۆفێرانە دەكەن، كە دەبنە كڕیاری بەردەوامی بەنزینخانەی گەڕۆك.