نوسینگەی راستاندنی بەڵگەنامەكان لە سلێمانی دەكرێتەوە

پارێزگای سلێمانی

دوای داواكارییەكی پارێزگاری سلێمانی بۆ كردنەوەی نوسینگەی راستاندنی بەڵگەنامە فەرمییەكان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەزامەندی لەسەر كردنەوەی نوسینگەكە دەردەبڕێت، بەوەش بۆ یەكەمجار نوسینگەیەكی لەو شێوەیە لە هەرێمی كوردستاندا دەكرێتەوە.
پاش ئەوەی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داوای لە بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق كرد بە كردنەوەی نوسینگەی راستاندن (مكتب تصدیقات) لە پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پاڵپشت بە رەزامەندیی سەرۆك كۆمار، رەزامەندیی پیشاندا بە كردنەوەی ئەو نوسینگەیە لە پارێزگای سلێمانی.
نوسینگەی راستاندنی بەڵگەنامەكان لە سلێمانی، یەكەم نوسینگە دەبێت كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە ‌و هاوڵاتیانی پارێزگاكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە، كەركوك، موسڵ، سەڵاحەدین ‌و دیالە) دەتوانن سوودی لێ‌ وەربگرن بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان، لە راستاندنی بەڵگەنامە فەرمییەكانیان كە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی دەكەن.
ئەوەش لە كاتێكدایە، بەهۆی نەبوونی نوسینگەی لەو شێوەیە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم بۆ راستاندنی بەڵگەنامەكانیان پێویستە سەردانی شاری بەغداد بكەن، بەوەش بارگرانییەكی زۆر دەكەوێتە سەر شانیان ‌و كاتێكی زۆر دەخایەنێت، دوای كردنەوەی نوسینگەكەش چیتر هاوڵاتیان پێویستیان بە سەردانیكردنی بەغداد نامێنێت.