لیژنەی باڵای پارێزگای سلێمانی، لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ قائیمقامەكانی سنوری پارێزگا كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی داڕشتنی پلانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/8/2019، بە سەرپەرشتیی بەڕێز (ئەحمەد عەلی ئەحمەد) جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەریی و سەرۆكی لیژنەی باڵای پارێزگای سلێمانی، كۆبوونەوەی لیژنەكە لەگەڵ بەڕێزان سەرجەم قائیمقامەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكەی لیژنەی باڵای پارێزگا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نوسینگەی هەماهەنگیی قەیرانەكان و قائیمقامەكان و بەرپرسانی پەیوەندیداری ئیداریی پارێزگا بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆ كرا سەبارەت بە داڕشتنی پلانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەپێی ئەو هێڵە گشتییانەی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستنیشان كراون.