یانزە پرۆژەی خزمەتگوزاریی دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە

پارێزگای سلێمانی

پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتیان ‌و چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی كەرتە جیاجیاكان، یانزە پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 205 ملیۆن دینار دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەسەر فەرمانی بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ‌و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەسەر بودجەی (نەوت / 1) بەپێی یاسا ‌و رێنماییەكان ‌و بە شێوەی راستەوخۆ، یانزە پرۆژە بە بەهای 205 ملیۆن ‌و 665 هەزار ‌و 750 دیناری عێراقی خرانە بواری جێبەجێكردنەوە، كە گوژمەی پرۆژە ‌و رێژەی چاودێریی لەخۆ دەگرن.
بەپێی فەرمانەكان بە ژمارە (9661، 9663، 9664، 9665، 9666، 9667، 9668، 9669، 9670، 9671، 9672) كە واژۆی پارێزگاریان لەسەرە ‌و لە رۆژی 5/8/2019 دا دەرچوون، یانزە پرۆژەكە لە ماوەی یەك هەفتەدا خراونەت بواری جێبەجێكردنەوە، پرۆژەكانیش بریتین لە:
یەكەم: دروستكردنی دیواری راگر بۆ رێكخستنی رێڕەوی چەمی قلیاسان لە سلێمانی بە بەهای 36 ملیۆن ‌و 771 هەزار دینار ‌و لەماوەی 75 رۆژدا جێبەجێ‌ دەكرێت.
دوەم: دروستكردنی رێگای ناو گوندی هۆندەرێنە ‌و ئاوەڕۆكەی لە ناحیەی سروچك بە بەهای 17 ملیۆن ‌و 161 هەزار دینار، كە لە ماوەی 65 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت.
سێیەم: چاككردنی سەقفی بینای قوتابخانەی خانزادی كچان لە سلێمانی بە بەهای 9 ملیۆن ‌و 965 هەزار دینار، كە لە ماوەی 20 رۆژی كاركردندا جێبەجێ‌ دەكرێت.
چوارەم: نۆژەنكردنەوەی ژوور ‌و توالێتی هۆڵی ئیبراهیم ئەحمەد لەناو بینای كورتەباڵاكانی كوردستان / سلێمانی بە بەهای 29 ملیۆن ‌و 830 هەزار ‌و 250 دینار، كە لە ماوەی 75 رۆژدا جێبەجێ‌ دەكرێت.
پێنجەم: صیانەكردنی كۆمەڵگەی فەرمانگەكان لە دەربەندیخان بە بەهای 8 ملیۆن ‌و 133 هەزار دینار، كە لە ماوەی 45 رۆژدا جێبەجێ‌ دەكرێت؟
شەشەم: نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەی ئاراراتی بنەڕەتی لە سلێمانی بە بەهای 6 ملیۆن ‌و 830 هەزار دینار، كە لە ماوەی 20 رۆژ كاركردندا جێبەجێ‌ دەكرێت.
حەوتەم: دروستكردنی راڕەو و شۆستەكانی بەردەم بنكەی نشینگەی ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە بەهای 63 ملیۆن ‌و 342 هەزار دینار، كە لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ‌ دەكرێت.
هەشتەم: چاككردنی شوێنی یاریی مناڵانی باخچەی ساوایانی ناز لە سلێمانی بە بەهای 9 ملیۆن ‌و 975 هەزار دینار، كە لە ماوەی 30 رۆژ كاركردندا جێبەجێ دەكرێت.
نۆیەم: راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ قوتابخانەی شەنگالی بنەڕەتی لە شارۆچكەی عەربەت / ناحیەی تانجەرۆ بە بەهای 6 ملیۆن ‌و 783 هەزار دینار، كە لە ماوەی 30 رۆژ كاركردندا جێبەجێ‌ دەكرێت.
دەهەم: دابینكردنی كابینە بۆ سەنتەری راوێژكاریی عەلی كەمال لە سلێمانی / بۆ پۆلیس ‌و پاسەوانەكان بە بەهای 6 ملیۆن ‌و 971 هەزار دینار، كە لە ماوەی 40 رۆژدا جێبەجێ‌ دەكرێت.
یانزەهەم: دروستكردنی سیاج ‌و توالێت بۆ قوتابخانەی عازەبانی بنەڕەتی لە قەزای شارباژێڕ + دروستكردنی كابینە بۆ هەمان قوتابخانە بە بەهای 9 ملیۆن ‌و 904 هەزار ‌و 500 دینار، كە لە ماوەی 45 رۆژدا جێبەجێ‌ دەكرێت.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber