كاك ئەحمەدی شێخ

پارێزگای سلێمانی

كاك ئەحمەدی شێخ یان كاك ئەحمەدی سلێمانی، زانایەكی ئایینی بوە و یەكێكە لە ناودارانی تەریقەتی قادری، ناوی تەواوی (ئەحمەد مەعروف سەیدمستەفا سەیدئەحمەد سەیدمحەممەد)ە، ساڵی (1207ی كۆچی بەرامبەر بە 1792ی زایینی) لە گەڕەكی (شێخان)ی ئێستای شاری (سلێمانی) لەدایك بوە، كوڕی شێخ مارفی نۆدێیە، دایكی ناوی (عائیشە) خانە، ژنێكی لەخواترس و پارێزكار بوە ‌و هیچ كاتێك بەبێ دەستنوێژ شیری بە كاك ئەحمەد نەداوە، سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن كە لە رۆژانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، كاك ئەحمەد بە منداڵی بەهیچ شێوەیەك شیری نەخواردوە هەتا ئەو كاتەی بانگی شێوان دراوە ‌و كاتێك دەستی كردوە بە شیر خواردن دایكی بەوەدا زانیویەتی كە كاتی بانگە.
كاك ئەحمەدی شێخ چونكە (شێخ مارف)ی باوكی پیاوێكی زانا بوە، سەرەتا لای باوكی قورئانی خوێندوە، لەگەڵ كتێبە وردەكانی ئەو سەردەمە، دواتر ‌و لەگەڵ زیادبونی تەمەنیدا، دەستی كردوە بەخوێندنی (نەحو) و (سەرف) كە دوو زانستی گرنگی زمانی عەرەبین، بەردەوام بوە لە پرۆسەی خوێندنی ئایینی ‌و پلەكانی زانستی بڕیوە و بوە بەزانایەكی باش بۆیە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتوە، دواتریش ئیرشادی تەریقەتی قادریی لە باوكی وەرگرتوە و لە هەردوو بواری تەریقەت ‌و كاری ئایینیدا خزمەتی كردوە، لە هەمان كاتیشدا دەستی داوەتە نوسین ‌و وانەوتنەوە بە فەقێ‌ ‌و ئەو كەسانەی بە دوای زانست ‌و فێربدووندا گەڕاون ‌و فێرگەیەكی بۆ ئەو مەبەستە كردوەتەوە.
بێجگە لە كاری تەرقەت ‌و وانەوتنەوە ‌و ئیمامەت ‌و وتاربێژی، كاك ئەحمەد رۆژانە كۆڕی ئامۆژگاریی  هەبوە ‌و خەڵكی لە ئایین ‌و كاروباری ژیان هۆشیار كردوەتەوە، هەروەها بەردەوام نوسراوی ناردوە بۆ شار ‌و گوند ‌و كۆچەرییە دەوارنشینەكانی ناوچەكە كە بە (مەكتوبات) ناسراون، بۆ ئەوەی لە ڕەگ و لقەكانی ئایینی ئیسلام حاڵی و شارەزایان بكات ‌و رێگای راستیان بۆ روون بكاتەوە.
بەپێی سەرچاوەكان كاك ئەحمەد 99 (مەكتوبی) نوسیوە و ناردویەتی بۆ شوێنە جیاجیاكان و نێردراوەكانی راسپاردوە ئەو مەكتوباتانە بنوسنەوە و رێنمونیی خەڵكیان پێ بكەن، ئەوەی پێویستیی موسڵمانان بووبێ لە ڕوەكانی ئایینی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و ئابوری، كاك ئەحمەد لە مەكتوباتەكاندا روونی كردوەتەوە سەبارەت بە كاروباری رۆژانەیان ‌و پابەندبون بە بنەماكانی ئایین ‌و چارەسەركردنی كێشەكان ‌و چۆنێتیی پێكەوەژیان، سەرجەمی مەكتوباتەكانیشی بە زمانی  فارسی نوسیوە، كە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەلایەن مامۆستا عەبدولكەریمی مودەڕیسەوە بەشێكیان كۆكراونەتەوە ‌و  دواتر بە ناونیشانی (مەكتوباتی كاك ئەحمەدی شێخ) لە شاری بەغداد لە چاپ دراوە.
بەشێك لە نامەكانی كاك ئەحمەد:

نامەی یەكەم: فەرمان بە چاكەكردن و ڕێگریی لە خراپەكردن.
نامەی دوەم: نامەی گەورەی بیروباوەڕ (عقائد).
نامەی سێهەم: باسی واجباتەكانە.
نامەی چوارەم: نامەی بچوكی بیروباوەڕە.
نامەی پێنجەم: نامەی دەسنوێژ و خۆشۆردن و مەرج و روكنی نوێژ.
نامەی شەشەم: باسی وەسوەسەیە.
نامەی حەوتەم: باسی خێر و چاكەی نوێژە.

هەڵوێستێكی جوانی كاك ئەحمەدی شێخ
لە سەردەمی كاك ئەحمەدی شێخدا، پیاوێك بەناوی دەروێش عەلی لەشاری كۆیە لەلای مەلا مستەفای عاسی كار دەكات لەمزگەوتدا، رۆژانی هەینی بەمەبەستی نوێژی هەینی ‌و گوێگرتن لە ئامۆژگارییەكانی كاك ئەحمەد سەردانی شاری سلێمانی دەكات، بەڵام كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ كۆیە مەلا مستەفا سەر دەكاتە سەری ‌و گاڵتەی پێدەكات، دەروێش عەلیش لەو حاڵە بێزار دەبێت ‌و لای كاك ئەحمەدی شێخ باسی بابەتەكە دەكات، بۆیە كاك ئەحمەد نامەیەكی پێدەدات ‌و دەڵێت بیدات بە دەست مەلا مستەفا، كاتێك دەگەڕێتەوە كۆیە نامەكە دەدات بە مەلا مستەفا‌و دەڵێت، ئەو نامەیەت لەلایەن كاك ئەحمەدەوە بۆ هاتوە، كاتێك مەلا مستەفا نامەكە دەخوێنێتەوە تێیدا نوسراوە (عاسی سەلامت لێدەكەم، عاسی مامۆستای منی، عاسی خۆشەویستی منی، من ‌و عەلی دەروێشی تۆین)، ئیتر مەلا مستەفا شەرم دایدەگرێت ‌و عارەقێكی زۆر دەكاتەوە ‌و داوا لە دەروێش عەلی دەكات پێكەوە سەردانی كاك ئەحمەد بكەن لە سلێمانی، دوای سەردانەكەشیان بۆ سلێمانی مەلا مستەفا گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا دێت ‌و دەستبەرداری گاڵتەكردن دەبێت.
كاك ئەحمەد لە سەردەمی شاعیری گەورەی كورد مەولەویدا ژیاوە ‌و لەگەڵ ئەو شاعیرەدا پەیوەندییەكی پتەوی هەبوە، هەروەها بە هۆی خزمەتەكانی بە بواری ئایین ‌و خەڵكی سلێمانی ‌و كورد، لەلایەن زانایان و تەواوی خەڵكەوە جێگەی ڕێزێكی زۆر بوە ‌و موریدێكی زۆری هەبوە ‌و دەیان مامۆستای ئایینی لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتوون، هەر بۆیە ناوی كاك ئەحمەد بوەتە جێگەی شانازی بۆ گەلی كورد ‌و لە چەندین كتێب ‌و هۆنراوە ‌و نوسیندا باس لە گەورەیی ئەو زاتە كراوە ‌و رێزی لێنراوە، كار گەیشتوەتە ئەو ئاستەی شاعیرێكی گەورەی وەكو شێخ رەزای تاڵەبانی هۆنراوەیەكی ستایشی بەسەر كاك ئەحمەددا وتوە:
مەربوتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاكی
خۆزگەم بە سەگی قاپیەكەی ئەحمەدی كاكی
ئەو قودوەیی ساداتە كە سوكانی سەماوات
شەڕیانە لەسەر سەجدە لەسەر مەرقەدی پاكی
دەرحەق بە حەفیدانی ئەدەب لازمە زینهار
قوربانی حەفیدانی دەبم، بابی و داكی

كاك ئەحمەدی شێخ تا كۆتایی ژیانی بەردەوام بوە لە خزمەتكردن ‌و پەروەردەی ئایینی ‌و ئامۆژگاریكردنی خەڵك، هەتا سەرئەنجام ڕۆژی دووشەممەی مانگی موحەڕەمی ساڵی 1305ی كۆچی بەرامبەر بە 1887ی زایینی لەگەڕەكی (شێخان)ی سلێمانی لە تەمەنی 95 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و لە (مزگەوتی گەورە) بەخاك سپێردراوە، مەزارەكەی بوەتە شوێنێكی ئایینی ‌و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك سەردانی دەكەن بۆ نزا ‌و پاڕانەوە.
سەرچاوە: سوود لە چەندین سەرچاوە بینراوە بۆ ئەم بابەتە

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber