زیاتر له‌ 8 تۆن خواردن و مه‌وادی به‌سه‌رچوو زیان به‌خش ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت

پارێزگای سلێمانی

له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ سه‌نته‌ری شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر بڕی زیاتر له‌ 8 تۆن خواردن و مه‌وادی ماوه‌ به‌سه‌رچوو زیان به‌خشدا و پاشان له‌ناو ده‌برێن.

خاید محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی له‌ناوبردن له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی 15 ڕۆژی ڕابردوودا له‌لایه‌ن ئاساییشی ئابووری و لیژنه‌ی به‌دواداچوونی عه‌لوه‌ له‌ شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌ست گیراوه‌ به‌سه‌ر بڕی 8 تۆن و 434 كیلۆگرام خواردن و مه‌وادی به‌سه‌رچوو زیان به‌خشدا كه‌ له‌ جۆره‌كانی خواردن و مه‌واده‌ جیاوازه‌كان پێكهاتبوون.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی له‌ ناوبردن ڕاشگه‌یاند : هه‌موو ئه‌و مه‌واد و خواردنانه‌ له‌ كاتی پشكنین و به‌دواداچوونی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیدا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.

ووتیشی : هه‌موو مه‌واده‌كان پاش ته‌واوبوونی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان له‌ ناوچه‌ی تانجه‌ڕۆی شاری سلێمانی له‌ناوبراون.