پرسەنامەی پارێزگا بۆ كۆچی دوایی عیزەدین مستەفا رەسوڵ

پارێزگای سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی پرسەنامەیەك بۆ كۆچی دوایی پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ رادەگەیەنێت، دواتریش بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەیدا كرد، ئەمەی خوارەوە دەقی پرسەنامەكەیە:

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسە و ماتەمینیی و خەم و پەژارەی خۆمان بۆ كۆچی دوایی زانا و پرۆفیسۆری ناوداری كورد بەڕێز د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، ڕادەگەیەنین.
ڕابردووی پرشنگدار و پڕشكۆ و گەوهەر و بەخششی ئاینیی و نیشتمانیی و زانستیی و ئەدەبیی و ئەكادیمیی و بیری پێشكەوتنخوازانە و خەمخۆرانەی بەڕێزیان و بنەماڵەكەیان ڕۆڵی جوامێرانە و شكۆمەندانەیان دەسەلمێنن.
بەڕێزیشیان شایستە و شایانی ئەوەن كە نازناوی ئینسكلۆپیدیای كوردیان لێبنرێت، كە تا دوا ساتەكانی تەمەنی پڕبەر‌هەمیان لە خوێندنەوە و نوسین و توێژینەوە و پڕۆژەكانیان نەوەستان و خەرمانێكی دەوڵەمەندیان پێشكەش بە مرۆڤایەتیی و بەناوەندە زانكۆیی و ئەكادیمیی و سیاسیی و ڕۆژنامەگەرییەكان كرد.
داواخوازین لە خوای گەورە؛ ئارامیی و ئۆقرەیی بە هەموومان ببەخشێت و پرۆفیسۆری ئازیزمان بكاتە خانەخوێی بەهەشتی نەبڕاوەی خۆی.
(انا لله وانا الیە راجعون)

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
٢٠١٩/١٠/٣