دكتۆر ئاسۆ شانازی بەهاوڵاتیانی سلێمانیەوە دەكات

پارێزگای سلێمانی

ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لەگەڕانەوەی تەرمی ئەفسەرێكی فڕۆكەوانی كورد كە دوێنێ شەهیدبوو، بەشانازی لەقەڵەمیدا كە ڕۆڵەكانی سلێمانی لەسەر زەوی و ئاسمان بەرگری لەپاراستنی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن.

دوێنێ ١٧ی شوبات، لەئەنجامی كەوتنەخوارەوەی فرۆكەیەك لەقەزای فەلوجە، ١٠ ئەفسەری بواری فرۆكەوانی شەهیدبوون، كەدووانیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون، نیوەڕۆی ئەمڕۆش تەرمی یەكێك لەفرۆكەوانەكان لەلایەن  چەند بەرپرسێکی باڵای بواری فرۆکەوانی عێراق  گەیەندرایەوە سلێمانی و لەلایەن پارێزگاریشەوە پێشوزای لەگەڕانەوەی تەرمەكەكرا.

لای خۆیەوە دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا هاوخەمی و پرسەی بۆكەسوكاری ئەو ئەفسەرە كوردە ڕایگەیاند و باسی لەوەشكرد، وەك سلێمانی شانازی دەكەین كەیەكێك لەكوڕەكانمان لەبەرەی پاراستنی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان شەهیدبووە، وەك و یەكێتیش شانازییەكی گەورەیە كەتائێستا لەئاسمان و زەویش كوڕەكانی پەروەردە دەكات بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمانەكەیان و خوێن دەڕێژێت.

ئەو ئەفسەرە شەهیدە خەڵكی سلێمانییەو ناوی نەقیب ئەحمەد نەهرۆ بەرزنجییە، لەدایكبووی ساڵی 1989یە، بەوتەی باوكی شەهید، دوێنێ لەگەڵ شەهیدبونی كوڕەكەی،  رائید محەمەدیش كوڕێكی هاتوەتە دنیاوە.