رۆژی 1ی تشرینی یەكەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1499ی زاینی، بیرمەند ‌و فەیلەسوفی ناوداری ئیتاڵی (مارسیلیۆ فیسینۆ) كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی ژیانی فكرییدا چەندین تێزی فەلسەفیی داناوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1507، ئەندازیاری تەلارسازی ‌و بیناسازیی بەناوبانگی ئیتاڵی (یاكۆبۆ بارۆتسێ‌ دا فینیۆلا) لە دایك بووە، كە چەندین تەلار ‌و كۆشك ‌و باڵەخانەی گرنگی بنیاتناوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1891، زانكۆی (ستانفۆرد) لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا كراوەتەوە، كە بە یەكێك لە زانكۆ گەورەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە قەڵەم دەدرێت.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1898، (نیكۆڵای دووەم)ی ئیمپراتۆری ڕوسیا بڕیاریدا، سەرجەم جولەكەكانی ئەو وڵاتە لە شارە گەورەكاندا دەربكرێن ‌و بۆ شوێنە دوورەدەستەكان دووربخرێنەوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1924، (جیمی كارتەر) سی ‌و نۆهەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دایك بووە، كە ساڵی 2002 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئاشتیدا پێبەخشراوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1924، جەمعیەتی كوردستان یاداشتێكی دایە ڕێكخراوی كۆمەڵەی گەلان واتە (عوسبەتولئومەم)، كە تێیدا داوای كردبوو مافی چارەی خۆنوسین بدرێتە نەتەوەی كورد لە سەرجەم پارچە جیاجیاكانی كوردستان ‌و لە ژێردەستەیی داگیركاران ڕزگاری ببێت.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1927، شانشینی ئێرانی سەفەوی ‌و یەكێتی سۆڤێت پەیماننامەیەكی دووقۆڵییان مۆر كرد، بە مەبەستی هێرش نەكردنە سەر خاكی یەكتری ‌و پاراستنی سەروەرییەكانی ئەو دوو وڵاتە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1936، ژەنراڵا (فرانسیسكۆ فرانكۆ) وەكو سەرۆكی حكومەتی نیشتمانیی ئیسپانیا هەڵبژێردرا ‌و كورسیی دەسەڵاتی گرتە دەست.
-    لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا ‌و ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1940، هێزەكانی ئەڵمانیا هێرشیان كردە سەر كەشتیی (ئەمپرێس ئۆف بریتن)‌و نغۆریان كرد، كە هەزاران منداڵی بەریتانیای دەگواستەوە بۆ كەنەدا.
-    دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی ‌و دەستگیركردنی سەركردەكانی ئەڵمانیای نازی، ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1946، دادگای نۆرنبێرگ سزای لە سێدارەدانی بە سەر دوانزدە سەركردەی نازیدا سەپاند، كە پێشتر دەستگیر كرابوون، سێی تریشی بەزیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادا.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1948، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە چالاكییەكانی دژی ئەمریكا، تاوانی ئەوەی خستە پاڵا ئەكتەری سینەمایی (شارلی شاپلن)، كە لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، سیخوڕیی بۆ یەكێتی سۆڤێت كردووە لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1949، كۆماری میللـیی چین لە سەر دەستی سەركردەی ماركسی (ماوتسی تۆنگ) پێكهێنراوە، (شوان ئنلای)ش وەكو یەكەم سەرۆكی حكومەتی نوێی پەكین دەستنیشان كراوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1958، هەریەكە لە تونس ‌و مەغربی عەرەبی چوونە ناو ڕێكخراوی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبییەوە ‌و بوونە ئەندامی تەواوەتیی كۆمەڵەكە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1969، فڕۆكەی كۆنكۆرد كە بەرهەمهێنراوی فەرەنسا بوو، خێراییەكەی گەیەنرایە خێراتر لە دەنگ، كە ئەوەش لە مێژوودا بۆ یەكەمجار بوو، فڕۆكەیەكی مەدەنی بەو خێراییە بفڕێت ‌و سەرنشینی مەدەنی بگوێزێتەوە.
-    دوای گیان لەدەستدانی (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆكی میسر، ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1970، تەرمەكەی لە ڕێوڕەسمێكی گەورەدا ‌و بەئامادەبوونی دەیان سەركردەی وڵاتان ‌و جەماوەرێكی زۆری گەلی میسر بەخاك سپێردرا.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1976، گۆرانیبێژی شۆخ ‌و شەنگ ‌و دەنگخۆشی لوبنانی (دیانا حەداد) لە دایك بووە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1977، هەردوو ئیدارەی ئەمریكا ‌و یەكێتی سۆڤێت ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا دانیان بە مافە ڕەواكانی گەلی فەڵەستیندا دەنا، مۆسكۆ ‌و واشنتۆن داوایشیان لە ئیسرائیل كرد، لەو خاكانەی وڵاتانی عەرەبی بكشێتەوە، كە لە ساڵی 1967دا داگیری كردبوون.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1979، كۆنگرەی بنغازی دەستی بەكارەكانی كرد، كە تێیدا موعەممرە قەزافی سەرۆكی لیبیا پشتیوانیی خۆیی بۆ شۆڕش ‌و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد پیشاندا ‌و داوای كرد، مافی چارەی خۆنوسین بدرێت بە گەلی كورد ‌و چیتر لەلایەن ڕژێمە داگیركارەكانەوە نەچەوسێنرێنەوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1982، (هیلمۆت كۆڵا) وەكو ڕاوێژكاری ئەڵمانیای خۆرئاوا هەڵبژێردراوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1985، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر شاری (حەمام شەت)ی تونسی، كە ژمارەیەك بارەگای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی لێبوو، بەو هۆیەشەوە نزیكەی 70 كەس كوژران ‌و دەیانی تریش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1988، هێزەكانی سوپای بەعس هێرشیان كردە سەر گوندەكانی (سكتان، كانی توو، سەردۆڵا ‌و كودە)، پاش دەركردن ‌و دەستگیركردنی دانیشتوانەكەیان ‌و تاڵانكردنی تەواوی ماڵەكان، سەرجەم خانووبەرەی هەرچوار گوندەكەیان كاول كرد.  
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1988، (میخائیل گۆرباچۆڤ) وەكو سەرۆكی یەكێتی سۆڤێت هەڵبژێردراوە، كە تا هەڵوەشانەوەی سۆڤێت لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991، بەهۆی كودەتایەكی سەربازییەوە لە هایتی، (جان برتران ئەرێستید) لە سەر كورسی دەسەڵات دوورخرایەوە، كە ماوەی نۆ مانگ بوو ئەو پۆستەی گرتبووە دەست.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992، بەمەبەستی ڕێكخستنی كاروباری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان یاسای وەزارەتی كاروباری هێزەكانی پێشمەرگەی پەسەند كرد.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1996، ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە حكومەتی توركیا كرد، چیتر مافی مرۆڤ پێشێل نەكات، داوایشی لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد، هەڵوێست لە بەرامبەر سیاسەتەكانی حكومەتی ئەنكەرە لە دژی گەلی كورد وەربگرێت.
-    ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2010، (ڕافاییل كۆریا)ی سەرۆكی ئیكوادۆر ڕایگەیاند، هەوڵێك بۆ لەسەركارلابردنی ‌و كودەتا بە سەر حكومەتەكەیدا شكستی هێناوە، بڕیاریشیدا سەرجەم بەشداربوانی ئەو كودەتایە بدرێنە دادگا ‌و پاكسازیش لە ڕیزەكانی سوپا ‌و پۆلیسدا بكات.
-    ئەمڕۆ بەڕۆژی جیهانیی بەساڵاچوان لە قەڵەم دەدرێت ‌و بۆنە ‌و مەراسیمی تایبەت ساز دەكرێت، هەر ئەمڕۆش بەڕۆژی جیهانیی زەردەخەنە دەژمێردێت، لە كۆماری میللـیی چینیش ئەمڕۆ جەژنی نیشتمانییە، لە هەریەكە لەوڵاتەكانی (قوبرس، نەیجیریا ‌و تۆفالۆ)ش بەڕۆژی سەربەخۆیی هەژمار دەكرێت ‌و بۆنەی نیشتمانی ساز دەكرێت، لە سەنگافورەش ئەمڕۆ جەژنی منداڵانە، لە ئەرمینیا ‌و ئۆزباكستانیش ئەمڕۆ ڕۆژی مامۆستایانە.