كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر لەشكركێشیی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی رۆژئاوای كوردستان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
رۆژی پێنجشەممە 10/10/2019، لە بەردەم تەلاری پارێزگا بە ئامادەبوونی بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و جێگرانی پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرەكان و سەرجەم كارمەندانی پارێزگاكە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی شەڕ كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی بەناوی پارێزگا و خەڵكی پارێزگای سلێمانییەوە ئیدانەی شەڕ و لەشكركێشیی سوپای توركیای بۆ سەر خاكی خۆرئاوای كوردستان كرد و داوای لە هەموو وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكومەتی توركیا كرد ، كۆتایی بە شەڕ بهێنن و ڕێگای گفتوگۆ و چارەسەری سیاسییانە و ئاشتییانە بگرنەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
بەڕێز پارێزگاری سلێمانی رونیكردەوە، شەڕ ناوچەكە بەرە و گڕگرتن و نائارامیی و تێكدانی ئاسایش و ئابووریی دەبات و جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە و كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە، زەمینەش بۆ بوژانەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا دەڕەخسێنێت.
پارێزگار داواشی لە هەموو لایەك كرد، بەشێوەیەكی ئاشتییانە و مەدەنییانە لە شوێنەكانی خۆیانەوە بەهەمان شێوەی پارێزگا گوزارشت لە هەڵوێست و ناڕەزایەتییەكانیان بكەن.
دەقی وتاری د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەم لینكەدایە:
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber