پارێزگاری سلێمانی بەشداریی لە مەراسیمی پەردەلادان لەسەر پەیكەری د. جەمال ئەحمەددا كرد و رۆڵی دكتۆر جەمالی بەرز نرخاند لە خزمەتكردنی گەلەكەیدا.
ڕۆژی شەممە 12/10/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بەشداریی كرد لە مەراسیمی پەردەلادان لەسەر پەیكەری بەڕێز د. جەمال ئەحمەد ڕەشید.
مەراسیمەكە بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی و كەسایەتییەكانی شاری سلێمانی و رۆشنبیران و كەسوكاری د. جەمال و رۆژنامەنوسان و پزیشك و كارمەندانی كەرتی تەندروستی بەڕێوەچوو، ئامادەبوان بە گرنگییەوە باسیان لە رۆڵ و پێگەی ئەو پزیشكە خەمخۆرە كرد.
بەڕێز پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەكدا لە ڕۆڵی دیار و شایانانەی بەڕێز د. جەمال ئەحمەد رەشید دوا و هیوای خواست كە هەموان بە ڕێچكەی چاكەكاریی و خۆنەویستیی و خۆبەخشیی و خزمەتگوزارییدا بڕۆن و نەهێڵن ئەم ڕێگا ڕووناكانە كوێر ببنەوە.
د. جەمال ئەحمەد رەشید یەكێك بوو لە پزیشكە بەناوبانگەكانی سلێمانی و كوردستان و رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە خزمەتكردنی خەڵكیدا، بەتایبەت منداڵان و خەڵكانی كەمدەرامەت، ساڵی 1945 لەدایك بوە و ساڵی 2018 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber