- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 610ی زاینی، بە هۆی سەركەوتنە گەورەكانی لە جەنگەكاندا و قاییمكردنی پێگەی ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی، (هێرقل) وەكو ئیمپراتۆری بێزەنتی هەڵبژێردرا و تاجی كرایە سەر.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1143، (ئەلفۆنسۆی حەوتەم)ی پاشای شانشینی لیۆن دانی بەسەروەریی دەوڵەتی پورتوگال دا نا وەكو وڵاتێكی خاوەن سەروەریی.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1550، دەست بە بنیاتنانی شاری (كۆنسبتیۆن) كرا لە شانشینی چیلی، كە دواتر بووە یەكێك لە شارە گەورەكانی ئەو وڵاتە.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1665، زانكۆی كیل دامەزراوە كە یەكێك بووە لە زانكۆ بە ناوبانگەكانی ئەوروپا و ناوەندێكی زانستیی گرنگ بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین بیرمەند و قوتابخانەی فكری.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1713، بیرمەند و فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسی (دەنیس دیدرۆ) لە دایك بووە، كە رۆڵی زۆری هەبوە لە پێشخستنی بوارەكانی فكر و هزری نوێدا.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1789، ژنانی فەرەنسا خۆپیشاندانێكی گەورەیان لە بەردەم كۆشكی (فرسای)دا ئەنجام دا، كە تێیدا داوای دابینكردنی نان و خواردنیان لە دەسەڵاتداران دەكرد، بەو هۆیەشەوە پشێوی لە شاری پاریس كەوتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێك دۆخی شارەكە نائارام بوو.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1814، (پاشای كۆر)ی میری سۆران بڕیاریدا، (عەبدوڵڵا ئاغا)ی ئەمین سندوقی میرنشینەكەی لە سێدارە بدرێت، بە هۆی ئەوەی سەردانی (تەمەر خان)ی مامی پاشای كۆری كردبوو، كە لەگەڵا پاشای كۆر ناكۆك بوون و میری سۆران ترسی لەوە هەبوو ئەوە هەوڵێك بێت بۆ لەناوبردنی.
- لە میانی گەشتەكەیدا بۆ كوردستان، ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1821، گەڕیدە و خۆرهەڵاتناسی بەناوبانگ (كلۆدیۆس جەیمس ڕیچ) لە شاری شیرازی ئێران بەهۆی تووشبوونی بەنەخۆشیی كۆلێرا كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی (جیهان نما) بە خاك سپێردرا.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەكی ساڵی 1857، لە ناوچەی ئۆرانگی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، دەست بەبنیاتنانی شاری (ئەناهایم) كرا، كە دواتر بوە شارێكی گەورە و خەڵكێكی زۆر روویان تێكرد.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1864، باهۆز و گەردەلولێكی زۆر بە هێز شاری (كلكتا)ی هندستانی گرتەوە، كە بە هۆیەوە هەزاران كەس گیانیان لە دەست دا، دەیان هەزار هاوڵاتیش ئاوارە بوون بە هۆی كاولبوونی تەواوەتیی شارەكەوە.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1910، شۆڕشی 5ی ئۆكتۆبەر لە پورتوگال هەڵگیرسا، كە بە هۆیەوە سیستمی حوكمڕانی لەو وڵاتەدا لە پاشایەتییەوە گۆڕدرا بۆ كۆماری.
- لە میانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا و ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1915، حكومەتی پورتوگال جەنگی لە دژی بەرەی هاوپەیمانەكان ڕاگەیاند و چووە پاڵا بەرەی میحوەر.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1927، ژمارەیەك ڕۆشنبیر و كەسایەتیی كورد، لە هاوینەهەواری (بحەمدون)ی لوبنان كۆبوونەوە، كە تێیدا بڕیار درا بە دامەزراندنی كۆمەڵەی خۆییبوونی كورد.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1944، حكومەتی فەرەنسا بە بڕیارێكی فەرمی مافی بە ژنانی ئەو وڵاتەدا، بەشداریی لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا بكەن و دەنگ بدەن.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1948، بە هۆی ڕوودانی بومەلەرزەیەكی بە هێزەوە كە شاری (عەشق ئاباد)ی توركمانستانی گرتەوە، زیاتر لە 110 هەزار كەس گیانیان لەدەست دا و دەیان هەزاری تریش بریندار بوون، كە ئەوەش بە گەورەترین كارەساتی سروشتی لە قەڵەم دەدرێت لە مێژوودا ئەو شارەی گرتبێتەوە.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1964، لە شاری ئەسكەندەرییەی میسر دووەم كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1974، دەوڵەتی عێراق كۆبوونەوەیەكی لە شاری هەولێر ڕێكخست، كە تایبەت بوو بە دامەزراوەی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبردن لە باشوری كوردستان.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1975، هونەرمەند و ئەكتەری شۆخ و شەنگی بەریتانی، (كیت وینسلیت) لە دایك بووە، كە بەشداریی لە چەندین فیلمی سینەمایی جیهانیدا كردووە.
- لە پاش دەركردنی هێزەكانی سوپای عێراق لە خاكی كوەیت لەلایەن هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتییەوە، ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992، یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوەیت بەڕێوەچوو.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993، پەرلەمانی كوردستان بە ئامانجی سنورداركردنی دیاردەی چەكهەڵگرتن لەناو هاوڵاتیان و رێگرتن لە بەكارهێنانی چەك بە شێوەی نایاسایی، یاسای ژمارە 16ی دەركرد كە تایبەت بوو بەقەدەغەكردنی چەك هەڵگرتن لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2000، خۆپیشاندانێكی جەماوەریی لە سەرتاسەری سربیا و بە تایبەت لە شاری بەلگرادی پایتەختدا بەڕێوەچوو، كە بە هۆیەوە (سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ)ی سەرۆكی ئەو وڵاتە ناچاربوو، ڕۆژی دواتر دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و كورسیی دەسەڵات بەجێبهێڵێت.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2003، (ئەحمەد قەدیرۆف) وەكو سەرۆك كۆماری چیچان هەڵبژێردرا و كورسیی دەسەڵاتی گرتە دەست، كە سەر بە حكومەتی روسیا بوو.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی شورای ئێران (پەرلەمان)، ڕەزامەندیی لەسەر پرۆژەیاسایەك پیشاندا كە حكومەتی تارانی ناچار دەكرد دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بكاتەوە.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، وەفدێكی باڵای وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانە و كونسوڵگەریی بەریتانیا لە عێراق، گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵا هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی)دا كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجام دا، كە تێیدا ڕەوشی عێراق و ناوچەكە تاووتوێ كرا و وەفدەكەش پشتیوانیی خۆیان بۆ سیستمی فیدراڵی لە عێراقدا دووپات كردەوە.
- ڕۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، (ستیڤ جۆبز) دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای بەناوبانگی (ئەپڵا)، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردووە.
- ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی مامۆستا لە قەڵەم دەدرێت، لە كۆماری پورتوگالیش ئەمڕۆ جەژنی نیشتمانییە، لە ئیندۆنیزیاش ئەمڕۆ بەڕۆژی هێزە چەكدارەكان و سوپا دەژمێردرێت، هەر ئەمڕۆش بەڕۆژی جیهانیی و عەرەبی بۆ نیشتەجێبوون لە قەڵەم دەدرێت.