دکتۆر ئاسۆ لیژنەیەک بۆ کەمکردنەوەی نرخی یەکە نیشتەجێبونەکان پێکدەهێنێت

پارێزگای سلێمانی

بەمەبەستی دەستنیشانکردن و کەمکردنەوەی نرخی یەکەکانی نیشتەجێبونەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەجۆرێک لەگەڵ بارودۆخی ئێستای هاوڵاتیاندا بگونجێت، بەبڕیاری پارێزگاری سلێمانی چەند لیژنەیەکی باڵا پێکهێندرا و لەداهاتوودا ىڕیار لەسەر نرخەکان دەدرێت.

بەڕێز دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لیژنەیەکەی لەجێگری پارێزگار و بەڕیوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی و چەند کەسێک پێکهێناوە، بۆ ئەوەی لەسەر نرخێکی گونجاو و کەم ڕێکبکەون بۆ دەستنیشانکردنی نرخی ئەو یەکە نیشتەجێبونانەی  بۆ کەمدەرامەتان و ئەوانەی تریش کە لەژێر هەرناوێک دروستکراون دەستنیشان بکرێن.

بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لە بینای پارێزگای سلێمانی کۆبونەوەیەک لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدرا، لەکۆبونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتون بۆ دەستنیشانکردن و کەمکرندەوەی ئەو نرخانە بەجۆرێک، کەلەگەڵ باروخۆخی ئێستای هاوڵاتیاندا بگونجێت، بڕیارە لەداهاتودا چەند کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامبدرێت و لەسەر دواین نرخ ڕێبکەون.

لای خۆیەوە فەرمان غەریب بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنەکە بەبڕیاری بەڕێز پارێزگاری سلێمانی پێکهێندراوە، هەوڵدەدرێت پێداچونەوە بەنرخی یەکە نیشتەجێبونەکان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان لەسەر چەند خاڵێک ڕێکەوتوین، لەداهاتوش لەبارەی نرخەکان لەگەڵ وەبەرهێنەران دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین، بۆ ئەوەی نرخەکان کەمبکرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ بارودۆخی ئێستای هاوڵاتیان بگونجێت.