كۆمپانیایەكی دانیماركی ئامادەیی پیشان دەدات بۆ وەبەرهێنان لە سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

وەفدێكی كۆمپانیای (EAGLI SHARK)ی دانیماركی سەردانی پارێزگای سلێمانی دەكات ‌و ئامادەیی پیشان دەدات بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ‌و پارێزگای سلێمانیدا.
رۆژی یەكشەممە 20/10/2019، وەفدێكی كۆمپانیای (ئیگڵ شارك) بە سەرۆكایەتیی (كریستیان) سەرۆكی كۆمپانیاكە ‌و بە یاوەریی وەفدی هاوڕێی، سەردانی پارێزگایان كرد ‌و لەلایەن بەڕێزان (ئەحمەد عەلی ئەحمەد) جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەریی ‌و خاتوو (تابان جەبار ساڵح) بەڕێوەبەری پلان ‌و بەدواداچوون پێشوازییان لێكرا.
لە میانی كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا گفتوگۆ كرا سەبارەت بە كاروبارەكانی كۆمپانیاكە ‌و چۆنێتیی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ‌و پارێزگای سلێمانی، وەفدی میوان ئاماژەیان بەوە كرد، بە هاوكاریی ‌و هەماهەنگیی حكومەتی دانیمارك لە چەندین وڵاتی جیهاندا كاری وەبەرهێنان دەكەن، بە گرنگیشی دەزانن بەشداربن لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەبەرهێنان ‌و گەشەپێدانی چەند كەرتێكی جیاوازدا، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیان پێیە.
داواشیان لە پارێزگای سلێمانی كرد، هاوكاریان بێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداربن لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان ‌و گەشەپێدانی كەرتە جیاوازەكان ‌و وەبەرهێناندا.
لای خۆیەوە بەڕێز جێگری پارێزگار جەختی لەوە كردەوە، پێشوازیی لە هەر هەنگاوێك دەكەن كە ئامانج لێی خزمەتكردنی هاوڵاتیان بێت، وتیشی: بەپێی دەسەڵاتەكان ‌و بە پشتبەستن بە یاسا ‌و رێنماییەكان، هاوكاریان دەبن ‌و دوای دیراسەكردنی پرۆژەكەیان وەڵامی پێویستیان دەدرێتەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber