پارێزگاری سلێمانی پاڵپشتی كه‌مپینێك ده‌كات

پارێزگای سلێمانی

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌ئاماده‌بونی پارێزگاری سلێمانی، كه‌مپینێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ ڕزگاربوانی چه‌كی كیمیایی له‌سلێمانی ڕاگه‌یه‌ندرا، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ی پێبكرێت، كه‌ به‌هۆی به‌ركه‌وتنی چه‌كی كیمیاییه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستیان دروستبووه


له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی كه‌مپینێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ ڕزگاربوانی چه‌كی كیمیایی‌و ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌هاوكارییه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (23)ی شوبات ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن دكتۆر (ئاسۆ فه‌ره‌یدون) پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ سه‌ردانی كه‌مپینه‌كه‌كرا، هه‌موو پشتیوان‌و پاڵپشتییه‌كی بۆ كه‌مپینه‌كه‌ ڕاگه‌یاند


ئه‌و كه‌مپینه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوی ڕزگاربوانی چه‌كی كیمیاوی-هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هاوكاری گروپی دیپلۆماتی‌و په‌یوه‌ندییه‌گشتییه‌كان له‌ژێر دروشمی"با ئاوڕێك له‌دوا هه‌ناكه‌سانی هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌ینه‌وه‌" كراوه‌ته‌وه‌، ئامانج لێی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌ بۆ بریندارانی چه‌كی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه


كه‌مپینه‌كه‌ له‌ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ (23)ی شوباته‌وه‌، تا (25)ی شوبات به‌رده‌وام بێت، ڕۆژانه‌ش له‌كاتژمێر (10)ی سه‌رله‌به‌یانی تا (8)ی ئێواره‌ ده‌كرێته‌وه‌، شوێنه‌كه‌شی له‌به‌رده‌م مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ی سلێمانی ده‌بێت


 به‌گوێره‌ی ئامارێكی فه‌رمی، له‌ساڵی (2003) وه‌ تا ئێستا (82) به‌ركه‌وتووی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هاوكات نزیكه‌ی (400) به‌ركه‌وتووی تری كیمیاباران له‌هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ریدا له‌ژیاندا ماون، هه‌ندێكیان باری ته‌ندروستیان ناجێگیره‌‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان پێویستیان به‌هاوكاری هه‌یه‌.