له‌باره‌ی مردنی سێ منداڵه‌كه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌درێت

پارێزگای سلێمانی


به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی‌و قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سلێمانی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، شه‌وی ڕابردوو له‌یه‌كێك له‌كه‌مپه‌كانیاندا سێ منداڵی ئاواره‌ به‌هۆی ڕوخانی خێمه‌كه‌یانه‌وه‌، گیانیان له‌ده‌ستدابێت.

بابه‌ڕه‌سوڵ غه‌فور به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی‌و قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌واڵێك له‌كه‌ناڵی ڕوداو له‌زاری ئه‌ندامێكی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌عێراق بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ شه‌وی سێ شه‌ممه‌ 23ی شوبات، به‌هۆی بارانه‌وه‌ چه‌ند خێمه‌یه‌ك له‌كه‌مپی ئاشتی سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی ڕوخاوه‌، له‌ئه‌نجامدا سێ منداڵی ئاواره‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، وتی: سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌واڵه‌ نادروسته‌‌و دوره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌، هیچ شتێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌‌و هیچ حاڵه‌تێكی نائاسایش له‌كه‌مپه‌كانمان، تا ئه‌مكاته‌ ڕووی نه‌داوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌كاتی بارانبارین یان هه‌رگۆڕانێكی كه‌ش‌و هه‌وادا، تیمه‌كانیان راسته‌وخۆ ده‌چنه‌ كه‌مپه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر ڕوداوێكدا زوو به‌هانایانه‌وه‌بچن، جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: له‌و ڕوه‌وه‌ تا ئه‌م كاته‌، هیچ حاڵه‌تێك ڕوینه‌داوه‌.

ئه‌مڕۆ دوو میدیای عێراقی‌و هه‌رێمی كوردستان، هه‌واڵێكیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌‌و تیایدا هاتووه‌، گوایه‌ به‌هۆی ڕه‌شه‌با‌و بارانه‌وه‌، شه‌وی سێ شه‌ممه‌ 23ی شوبات، له‌كه‌مپێكی دڵده‌دانی په‌نابه‌رانی عێراقیدا له‌سلێمانی، سێ منداڵ به‌هۆی ڕوخانی خێمه‌كانیانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی‌و قه‌یرانه‌كانی پارێزگای سلێمانیش ئه‌و هه‌واڵانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌‌و به‌هه‌واڵی ناردوست له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات


ش،ع