- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1754ی زاینی، نوسەر و ڕۆماننوسی ناوداری ئینگلیزی (هێنری فیلدنگ) كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی بەپێزی ئەدەبیی نوسیوە و بۆ زۆربەی زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1870، ئاوازدانەر و موزیسیانی ناوداری فەرەنسی (لویس فێرن) لەدایك بووە، كە چەندین شاكاری میوزیكیی داناوە و یەكێك بوە لەو هونەرمەندانەی رۆڵی هەبوە لە پێشخستنی هونەری میوزیك و ئاوازداناندا.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1912، جەنگی یەكەمی بەڵكان لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی لەلایەك و هەریەكە لە سربیا و بولگاریا لەلایەكی ترەوە هەڵگیرساوە، كە بەهۆیەوە كوشتارێكی زۆر لە نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەكاندا ڕوویداوە و زیانێكی زۆریشی بە خەڵكی هەرسێ وڵات گەیاندوە.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1917، دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر سەركردەی ماركسی (لیۆن ترۆتسكی) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی سۆڤێتی بۆ شاری (پیترۆگراد) هەڵبژێردراوە.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1919، (كییچی میازاوا)ی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن لەدایك بووە، كە لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دوەمی جیهانی رۆڵی زۆری بینیوە لە بنیاتنانەوە و بوژانەوەی ژاپۆندا.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1932، فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەكانی هندستان پێكهێنراوە، كە سەرەتا وەكو لقێكی یاریدەدەری هێزە ئاسمانییەكانی هندی بەریتانی كاری كردووە و لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانییەكاندا بووە، دوای سەربەخۆبوونی هندستانیش بووەتە بەشێكی گرنگ لە هێزەكانی سوپای هندستان.
- لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیداو ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1939، هێزەكانی سوپای ئەڵمانیای نازی لە چەند قۆڵێكەوە هێرشٍێكی فراوانیان كردە سەر پۆڵۆنیا و دوای پێكدادانێكی سەخت داگیریان كرد.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1955، (جەلال تاڵەبانی) نامەیەكی لە بارەی ڕەوشی باشوری كوردستانەوە نارد بۆ (مەلا مستەفای بارزان)، كە ئەو كاتە لەگەڵا كۆمەڵێك لە بارزانییەكان لە یەكێتیی سۆڤێت ئاوارە بوون.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1957، (نیكیتا خرۆشۆف)ی سەرۆكی یەكێتیی سۆڤێت هێرشێكی زۆری كردە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەوە تۆمەتباری كرد، كە هەوڵ دەدات توركیا هێرشی سەربازی بكاتە سەر خاكی سوریا، بەو هۆیەشەوە گرژیی كەوتە نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن.
- لەپاش ڕزگاربوونی جەزائیر لە ژێر دەستی داگیركار و سەربەخۆبوونی، ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1962، جەزائیر چووە ناو ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانو وەكو ئەندامی ڕەسمیی ئەو ڕێكخراوە وەرگیرا.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1963، بەهۆی كێشە سنورییەكانی نێوانیان جەنگێك لە نێوان مەغربی عەرەبی و جەزائیردا هەڵگیرسا، كە بەجەنگی (ڕیمال) ناسراوە و ماوەیەكی خایاند و زیانی گیانیی و ماڵیی بە هەردوو وڵات گەیاند، دواتر و بە هەوڵی وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵی نێودەوڵەتی جەنگەكە راگیرا.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1967، شۆڕشگێڕی ناوداری ئەمریكای لاتین (چێ گیڤارا) و هاوكارەكانی، لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتی پۆلیڤیاوە لە بۆسەیەكدا دەستگیر كران، كە دواتر و لە دادگاییكردنێكی تەماویدا سزا دران و گیڤارا گوللـەباران كرا.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1982، سیاسەتمەدار و تێكۆشەری ناوداری بەریتانی (فیلیپ نوێل بیكەر) كۆچی دوایی كردووە، كە بە هۆی هەوڵە زۆرەكانی لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی لە جیهاندا، ساڵی 1959 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئاشتیدا پێبەخشراوە.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993، سزاكانی سەر كۆماری ئەفریقای باشور هەڵگیران، كە بە هۆی سیاسەتی ئەپارتایدەوە لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە خرابوونە سەری، هۆكارەكەشی بۆ گۆڕانكاریی هات لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا بە هۆی نەهێشتنی جیاوازیی رەگەزیی.
- پاش هێنانەوەی تەرمی (مەلا مستەفا بارزانی) و ئیدریسی كوڕی لە ناوچەی شنۆی خۆرهەڵاتی كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993، لە ڕێوڕەسمێكی گەورەدا تەرمی هەردووكیان لە گوندی بارزانی زێدی خۆیان بە خاك سپێردرانەوە.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1996، ژمارەیەك لە فڕۆكەكانی سوپای توركیا ئاسمانی هەرێمی كوردستانیان بەزاند و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بە خەستی بۆردومانی ناوچە سنورییەكانیان كرد، كە بە هۆیەوە زیاتر لە شەست هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، (جۆرج بوش)ی سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا پێویست بەوە دەكات، وەزارەتێكی تایبەت بە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ناوخۆی ئەمریكا پێكبهێنرێت، بڕیارەكەش خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، بە هۆی تەقینەوەیەكەوە كە لە هۆتێل (هیڵتۆن) لە ناوچەی سینائی میسر ڕوویدا نزیكەی 50 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 100 كەسی تریش بریندار بوون، كە بەشێكی زۆریان گەشتیار بوون، دواتریش تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە خرایە ئەستۆی ڕێكخراوی قاعیدە.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، نوسەر و بیرمەند و فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا و جیهان، (جاك درێدا) كۆچی دوایی كردووە، كە رۆڵی زۆری هەبوە لە پێشخستنی فكردا و چەندین بەرهەمی فەلسەفیی و فكریی نوسیوە و لە پاش خۆی بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
- ڕۆژی 8ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2010، خەڵاتی نۆبڵا بۆ بواری ئاشتی بەخشرایە (لیۆ شاوبۆ)ی نەیاری حكومەتی چین، بە هۆی ئەو هەوڵە زۆرانەی كە لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤدا دابوونی، بەڵام لەلایەن حكومەتی پەكینەوە ڕەخنە لە لیژنەی پێشكەشكردنی خەڵاتەكە گیرا.
- ئەمڕۆ لە كرواتیا بە ڕۆژی سەربەخۆیی لەقەڵەم دەدرێت و بۆنە و ئاهەنگی گەورە بەڕێوە دەچێت، لە كۆماری پیرۆش ئەمڕۆ بە ڕۆژی هێزە دەریاییەكان دەژمێردرێت.