ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1400ی زایینی، ئەدیب ‌و نوسەر ‌و شاعیری گەلی ئینگلیزی (جێفری چۆسەر) كۆچی دوایی كردووە، كە لە پاش خۆی چەندین بەرهەمی گرنگی بەجێهێشتووە ‌و یەكێكیشە لە بنیاتنەرانی ئەدەبی كلاسیكی لە ئەوروپا.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1881، هونەرمەندی شێوەكار ‌و وێنەكێشی بەناوبانگی ئیسپانیا ‌و جیهان (پابلۆ بیكاسۆ) لە دایك بووە كە بە یەكێك لە هونەرمەندە شێوەكارە بەناوبانگەكانی سەدەی بیستەم لە قەڵەم دەدرێت.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1912، لە ناوچەی (زندیشتە)ی خۆرهەڵاتی كوردستان، شەڕێكی قورس لە نێوان شۆڕشگێڕانی كورد ‌و سوپای ڕوسیادا بەرپابوو كە بە نیازبوون هێرش بكەنە سەر ناوچە كوردنشینەكان.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1918، لە شاری كەركوك شەڕێكی گەورە لە نێوان شۆڕشگێڕانی كورد بە ڕابەرایەتیی (ئەسعەد ئاغا) ‌و هێزەكانی سوپای ئینگلیزدا ڕوویدا كە سەرئەنجام شۆڕشگێڕەكانی كورد شكان ‌و پاشەكشەیان كرد، بەو هۆیەشەوە سوپای ئینگلیز دەستی بە سەر شاری كەركوكدا گرت ‌و داگیری كرد.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1920، (ئەلكسەندەری یەكەم)ی پاشای یۆنان كۆچی دوایی كردووە، كە ڕۆڵی زۆری هەبووە لە سەرخستنی هێزەكانی یۆناندا لە دژی داگیركاران.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1920، سێر (پێرسی كۆسكی) نوێنەری باڵای شانشینی بەریتانیا لە عێراق یەكەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بە سەرۆكایەتیی (عەبدولڕەحمان گەیلانی) دامەزراند كە چەند كوردێكیش لەو ئەنجومەنەدا ئەندام بوون.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1922، هەردوو حكومەتی ئێران ‌و توركیا كۆبوونەوە ‌و تێیدا ئێران داوای لە توركیا كرد، یارمەتیی شۆڕشی كورد بە ڕابەرایەتی (سمایل خانی شكاك) سمكۆ نەدات كە لە دژی دەوڵەتی ئێرانی سەفەوی بەرپا ببوو.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1926، ئەدیب ‌و شاعیر ‌و نوسەری ناوداری فینلەندی (پۆ كاربیلان) لە دایك بووە، كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی گرنگی نوسیوە ‌و بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1936، (ئەدۆڵف هێتلەر)ی سەركردەی ئەڵمانیای نازی ‌و (بینیتۆ مۆسۆلینی) سەركردەی ئیتاڵیای فاشی بەرەی میحوەریان دامەزراند، كە دواتریش ژاپۆن پەیوەندیی پێوەكردن ‌و چووە ناو بەرەكەوە، ئەوەش بووە هۆی هاتنە ئارای بەرەیەكی بەهێزی جیهانی كە ڕێگەخۆشكەر بوو بۆ سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهانی.
-    لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیدا ‌و ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1944، سوپای ژاپۆن دەستی بە هێرشەكانی (كامیكاز) كرد كە هێرشی خۆكوژیی فڕۆكەكانی ژاپۆن بوو لە دژی كەشتییە جەنگییەكانی سوپای ئەمریكا.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1945، یەكەم كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری مهابادی خۆرهەڵاتی كوردستان دەستی پێكرد، كە ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاند ‌و تێیدا كۆنگرە بە تێكڕای دەنگی ئەندامەكانی پێشەوا (قازی محەمەد)ی وەكو سەرۆكی حزبی دیموكرات هەڵبژارد، لە كۆنگرەكەشدا بڕیاری مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی كورد درا.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1952، كۆماری لوبنان وەكو یەكەم وڵاتی عەرەبی كرایە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
-    دوای هێوربوونەوەی ڕەوشی ناوخۆیی لوبنان، ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1958 هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە خاكی لوبنان پاشەكشەیان كرد، كە بە ئامانجی بەرگرتن لە سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی چووبوونە ناو ئەو وڵاتەوە.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1971، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاریدا كۆماری میللیـی چین وەكو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەربگیرێت، لە بەرامبەریشدا تایوانی لە ئەندامێتی ڕێكخراوەكە دەركرد.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1971، گۆرانیبێژی دەنگخۆشی عێراقی (ماجد موهەندیس) لە دایك بووە.
-    دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل ‌و وڵاتانی عەرەب، ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1973 حكومەتی نەیجیریا بڕیاریدا هەموو پەیوەندییە دبلۆماتییەكانی لەگەڵا ئیسرائیلدا هەڵپەسێرێت.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1976، كۆنگرەی لوتكەی سەركردەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەستی پێكرد كە ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاند.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1987، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە بەرچاوی خەڵكی سلێمانییەوە پێنج گەنجی ئەو شارەیان گوللـەباران كرد كە پێشتر بە تۆمەتی دژایەتیكردنی دەوڵەتی عێراق دەستگیر كرابوون.
-    دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی سلۆڤینیا ‌و هێرشی سربیا بۆ سەر ئەو وڵاتە، ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991، دوایین سەربازی سوپای سربیا لە خاكی سلۆڤینیا پاشەكشەی كرد، حكومەتی بەلگرادیش دانی بە سەروەریی سلۆڤینیادا نا.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و بزووتنەوەی ئیسلامیی، لە باشوری كوردستان ڕێككەوتننامەیەكی ئاشتییان مۆركرد بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە شەڕ ‌و ناكۆكییەكانی نێوانیان.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، لەلایەن پێكهاتەی كوردی شاری كەركوكەوە خۆپیشاندانێكی فراوانی جەماوەری بەڕێوەچوو كە تێیدا خۆپیشاندەران داوای كوردستانیبوونی كەركوك ‌و گەڕاندنەوەی شارەكەیان كرد بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2001، بۆ یەكەم جار ویندۆزی (ئێكس پی) بۆ سۆفتوێری كۆمپیوتەر بە شێوەیەكی ڕەسمی ڕاگەیەندرا ‌و لە بازاڕەكانی جیهاندا بڵاوكرایەوە.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2004، (فیدڵا كاسترۆ)ی سەرۆكی كوبا ڕاگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك مامەڵە بە دۆلاری ئەمریكییەوە ناكەن ‌و لەجیاتی ئەو دراوە مامەڵە بە یۆرۆوە دەكەن، هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێكیشی بە دۆلاری ئەمریكییەوە قەدەغە كرد لە ناوخۆی كوبادا.
-    ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2010، نوسەر ‌و ئەدیب ‌و ڕوناكبیری گەورەی گەلی كورد مامۆستا (مارف خەزنەدار) كۆچی دوایی كردووە، كە رۆڵێكی زۆری بینیوە لە خزمەتكردنی ئەدەبی كوردیدا ‌و لە پاش خۆی خەرمانێك بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتوە.
-    ئەمڕۆ لە كازاخستان بە ڕۆژی كۆماری لە قەڵەم دەدرێت ‌و بۆنەی گەورە بەڕێوەدەچێت، لە دورگەكانی عەزرا ‌و گریناداش ئەمڕۆ بە جەژنی سوپاسگوزاریی هەژمار دەكرێت ‌و سروت ‌و مەراسیمی گەورەی ئایینی ساز دەكرێت، لە ڕۆمانیاش ئەمڕۆ بە جەژنی هێزە چەكدارەكان دەژمێردرێت.