ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1505ی زایینی، (ئیڤانی سێهەم)ی قەیسەری ڕوسیا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە فەرمانڕەوا بەناوبانگەكانی ڕوسیا ‌و ڕۆڵی زۆری بینیوە لە فراوانكردنی دەسەڵاتی ڕوسەكاندا.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1728، دەریاوان ‌و گەڕیدە ‌و دۆزەرەوەی ئینگلیزی (جەیمس كۆك) لە دایك بووە كە ڕۆڵی زۆری هەبووە لە دۆزینەوەی چەندین ڕێڕەوی ئاویی ‌و خاكی نوێدا.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1820، كوردناس ‌و مێژوونوسی ناودار (كلۆدیۆس جەیمس ڕیچ) هەستا بە پێوانەكردنی پلەی گەرمای شاری هەولێر ‌و دەوروبەری لە چەند كاتێكی جیاجیادا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی كەشوهەوای ئەو شارە ‌و بەراوردكردنی لەگەڵا ناوچەكانی دیكەی كوردستان.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1858، (تیۆدۆر ڕۆزفڵت) بیست ‌و شەشەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دایك بووە كە بە هۆی هەوڵە زۆرەكانی لە بواری ئاشتیی گەلان ساڵی 1906 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئاشتیدا پێبەخشراوە، تیۆدۆر بێجگە لە سیاسەت كەسێكی بە تواناش بوە لە بوارەكانی زانست ‌و ئەدەبدا ‌و لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی بەپێزی نوسیوە ‌و ساڵی 1919 كۆچی دوایی كردوە.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1913، شێخ (موبارەك سوباح)ی فەرمانڕەوای كوەیت مۆڵەتی دایە كۆمپانیاكانی بەریتانیا بۆ ئەوەی نەوتی خاوی كوەیت لە بیرە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە دەربهێنن ‌و رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1922، دوایین ژمارەی ڕۆژنامەی (بانگی كوردستان) لە شاری سلێمانی بڵاوكرایەوە، كە رۆژنامەیەكی سیاسیی ‌و ئەدەبی بوو.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1931، نوسەر ‌و ڕەخنەگری ناوداری میسری خاتوو (نەوال سەعداوی) لە دایك بووە، كە پزیشكێكی دەرونییە ‌و یەكێكیشە لە بەرگریكارەكانی مافەكانی ژنان ‌و خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی ‌و دەرونیی زانستییە.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1951، ڕێككەوتننامەی فەرمانڕەواییكردنی هاوبەشی میسر ‌و بەریتانیا بەسەر خاكی سوداندا هەڵوەشایەوە كە ماوەی چەندین ساڵا بوو پێكەوە دەستیان بەسەر ئەو وڵاتەدا گرتبوو.
-    دوای سەرهەڵدانی كێشە لە نێوان یەكێتیی سۆڤێت ‌و ئەمریكا لە بارەی موشەكەكانی یەكێتیی سۆڤێت لە ناو خاكی كوبادا، ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1960 (جۆن كینیدی) سەرۆكی ئەمریكا ‌و (نیكیتا خرۆشۆف)ی سەرۆكی یەكێتیی سۆڤێت لەسەر ئەوە ڕێككەوتن، كۆتایی بەو كێشەیەی نێوانیان بهێنن ‌و سەرجەم موشەكەكانی سۆڤێت لە خاكی كوبا لاببرێن، بەو مەرجەی ئەمریكا هێرشی سەربازی نەكاتە سەر كوبا ‌و سەرجەم ئەو موشەكە بالیستیانەش لاببرێن كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە خاكی توركیادا جێگیری كردبوون.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1962، لیژنەی داڕشتن ‌و نوسینەوەی دەستووری كوەیت كە لەلایەن ئەنجومەنی دامەزراندنی كوەیتییەوە سەرپەرشتی دەكرا، دوایین كۆبوونەوەی خۆیی ئەنجامدا ‌و ڕەشنوسی پرۆژەدەستوورەكەی بەرزكردەوە بۆ ئەنجومەنەكە تا تاووتوێی بكات ‌و ڕەزامەندیی لەسەر پیشان بدات.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1978، پارتی كرێكارانی كوردستان ناسراو بە (پەكەكە) لە باكوری كوردستان دامەزراوە، وەكو پارتێكی خەباتگێڕی چەكداریی بە ئامانجی بەدەستهێنانی داخوازییەكانی گەلی كورد ‌و سەربەخۆیی كوردستانی گەورە لە ژێر دەستی داگیركاران.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1990، عیماد (میشال عەون)ی سەرۆكی حكومەتی سەربازیی لوبنان ‌و فەرماندەی هێزە یاخیبووەكانی ئەو وڵاتە بڕیاریدا، كۆتایی بە شەڕكردن لە دژی دەسەڵاتی مەدەنیی ئەو وڵاتە بهێنرێت ‌و خۆیی ڕادەستی حكومەتە مەدەنییەكەی لوبنان كرد، بەوەش كۆتایی بە جەنگی ناوخۆیی لوبنان هات كە ماوەی 15 ساڵا بوو لە نێوان پێكهاتەكانی لوبناندا درێژەی هەبوو.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991، گۆڕێكی بەكۆمەڵا لەسەر ڕێگای نێوان موسڵا ‌و دهۆك دۆزرایەوە كە ڕوفاتی 70 هاوڵاتی تێدابوو دواتر دەركەوت كە سەرجەمیان كوردن ‌و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا گوللـباران كرابوون.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991، هەرێمی توركمانستان لە یەكێتیی سۆڤێت جیابووەوە ‌و سەربەخۆیی ڕاگەیاند، دواتریش لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە وەكو وڵاتێكی خاوەن سەروەریی دانی پێدانرا.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992، ئەدیب ‌و چیرۆكنوسی گەلی كورد مامۆستا (عەبدولمەجید لوتفی) كۆچی دوایی كردووە كە لە پاش خۆی چەندین بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتووە.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1998 ‌و لە میانی هەڵبژاردنە گشتییەكانی ئەڵمانیادا (گێرهارد شرۆیدەر) وەكو ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرا ‌و كورسیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتە دەست.
-    بە هۆی كوژرانی دوو گەنجی موسڵمانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی لە فەرەنسا ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005، خۆپیشاندان ‌و شەپۆلێكی ناڕەزایەتیی لەلایەن گەنجانی شاری پاریسی پایتەختەوە دەستی پێكرد كە دواتر زۆربەی ناوچەكانی تری فەرەنسای گرتەوە ‌و لەلایەن خۆپیشاندەرەكانەوە هەزاران ئۆتۆمبێلی دەوڵەت ‌و هاوڵاتیان سوتێنران، بە هۆی پشێویی ‌و پێكدادانی نێوان هێزەكانی پۆلیس ‌و خۆپیشاندەرانیشەوە ژمارەیەك كەس كوژران ‌و سەدان خۆپیشاندەر ‌و پۆلیسیش بریندار بوون.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2010، (نیستۆر كەیرشنێر)ی سەرۆكی ئەرجەنتین كۆچی دوایی كردووە، كە لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2007 پۆستی سەرۆكی ئەو وڵاتەی لە دەستدا بوە، كەیرشنێر ساڵی 1950 لە دایك بوە ‌و یەكێك بوە لە سیاسییە بە تواناكانی ئەرجەنتین.
-    ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2011، (عەبدوڵڵای كوڕی عەبدولعەزیز ئالسعود)ی پاشای عەرەبستانی سعودی بڕیاریدا میر (نایفی كوڕی عەبدولعەزیز ئالسعود)ی برای وەكو جێنشینی تەختی پاشایەتی ‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عەرەبستان دەستنیشان بكرێت.
-    ئەمڕۆ لە توركمانستان بە جەژنی سەربەخۆیی لەقەڵەم دەدرێت ‌و بۆنە ‌و ئاهەنگی گەورەی نیشتمانیی بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت، لە یۆنانیش ئەمڕۆ بە جەژنی ئاڵا هەژمار دەكرێت.