- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1193ی زایینی، سەركردەی كورد و جیهانی ئیسلامی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) تووشی نەخۆشییەكی قورس بوو، كە لە ئەنجامدا بوە هۆی گیان لەدەستدانی.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1285 زایینی، (پیتەری سێهەم)ی پاشای ئاراگۆن كۆچی دوایی كردووە، كە هەوڵی زۆری داوە بۆ پتەوكردنی پێگەی شانشینەكەی لە ئەوروپادا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1815، زانای بواری ماتماتیك و فەیلەسوفی ناوداری ئینگلیزی (جۆرج پۆڵا) لە دایك بووە، كە ڕۆڵی زۆری هەبووە لە پێشخستنی زانستی بیركاریی و چەندین تێزی لە بواری فەلسەفەشدا داناوە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1854، سەركردایەتیی بەرەی كەقفازی سەر بە ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا لەگەڵا (قاسم خان)ی سەركردەی كورد و چەند سەرۆك هۆز و خێڵێكی كورد كۆبوونەوە، تێیدا ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا داوای لە كوردەكان كرد لە جەنگدا هاوكاریی ڕوسەكان بكەن لە دژی دەوڵەتی عوسمانی.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1914، لە میانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا ڕوسیا بە شێوەیەكی فەرمی جەنگی لە دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕاگەیاند و دەستی بە هێرشی زەمینی كرد بۆ سەر خاكی توركەكان و ئەو وڵاتانەی دیكە كە لە ژێر دەستی عوسمانییەكاندا بوون.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1917، (ئارسەر جەیمس بەلفۆر) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نامەیەكی ئاراستەی لۆرد (لیۆنێل ۆوڵتەر دی ڕۆچێڵد)ی سەركردەی جولەكەكان كرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو كە حكومەتی لەندەن پشتیوانی لە دروستكردنی نیشتمانێك دەكات لەسەر خاكی فەڵەستین بۆ جولەكەكان، ئەو نامەیەش دواتر بە بەڵێنی بەلفۆر ناسرا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1930، (هیلا سیلاسی) وەكو ئیمپراتۆری ئەسیوپیا هەڵبژێردرا و كورسیی دەسەڵاتی گرتە دەست.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1937، (بینیتۆ مۆسۆلینی) سەركردەی ئیتاڵیای فاشی میحوەری بەرلین - ڕۆمای ڕاگەیاند، دواتریش بە بەرەی میحوەر ناسرا و ئەو وڵاتانەی دەگرتەوە كە لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا دژی هاوپەیمانەكان دەجەنگان.
- بە هۆی كێشە و ناكۆكی لە بارەی هەرێمی كشمیر، ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1947 جەنگ لە نێوان هەردوو سوپای پاكستان و هندستاندا بەرپابوو كە ماوەیەكی زۆری خایاند و بە هۆیەوە قوربانییەكی زۆر لە هەردوو وڵات كەوتنەوە، دواتر و بە هەوڵی كۆمەڵی نێودەوڵەتی جەنگەكە راگیرا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1950، ئەدیب و ڕۆماننوسی بەناوبانگی ئێرلەندی (جۆرج برناردشۆ) كۆچی دوایی كردووە كە بە هۆی شاكارەكانیەوە ساڵی 1925 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئادابدا پێبەخشراوە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1959، نوسەر و مێژوونوس و خۆشنوسی بەناوبانگی عێراقی (ئیبراهیم عەبدولغەنی دروبی) كۆچی دوایی كردووە، كە رۆڵی باشی بینیوە بۆ پێشخستنی ئەدەب و كاری خۆشنوسی لە عێراقدا و خاوەنی چەند بەرهەمێكە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1961، شێخ (عیسا بن سەلمان ئالخەلیفە) كورسیی دەسەڵاتی بەحرەینی گرتە دەست و شوێنی (سەلمان بن حەمەد ئالخەلیفە)ی باوكی گرتەوە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1964، (سعود بن عەبدولعەزیز ئالسعود)ی پاشای عەرەبستانی سعودی لەسەر كار لابرا و لە شوێنی ئەویش میر (فەیسەڵا بن عەبدولعەزیز ئالسعود)ی برای وەكو پاشای نوێ هەڵبژێردرا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1965، هونەرمەند و ئەكتەری ناوداری هندی و بۆڵیوود، (شاه رۆخان) لە دایك بووە كە بەشداریی لە دەیان فیلمی سینەماییدا كردووە و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە.
- لە میانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1976، (جیمی كارتەر) زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا و لە (جیراڵد فۆرد)ی ڕكابەری بردەوە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1978، كۆنگرەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو كە تێیدا بڕیاردرا بارەگای كۆمەڵەكە لە قاهیرەوە بگوێزرێتەوە بۆ تونس ئەویش بە هۆی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی كامپ دەیڤد لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979، هێزێكی زۆری سوپای ئێران هێرشیان كردە سەر ناوچەی مهاباد، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بەرپەرچ درانەوە و بە هۆیەوە چەندین تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێكشكێنران و هێرشكەش شكستی هێنا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1983، (ڕۆناڵد ڕیگن)ی سەرۆكی ئەمریكا بڕیارێكی دەركرد كە جەژنی لە دایكبوونی (مارتن لۆتەر كینگ) بكرێتە جەژنێكی نیشتمانی لە سەرتاسەری ئەمریكادا و ساڵانەش بە ناوی (ڕۆژی مارتن لۆتەر)ەوە یادی لە دایكبوونەكەی بكرێتەوە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1991، هێزەكانی سوپای عێراق هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر بارەگای بەرەی كوردستانی لە ناوچەی (نەوجول)، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە زۆر بە توندی بەرپەرچ درانەوە و هێرشەكە تێكشكێنرا.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 1999، بە هۆی سوتان و نوقمبوونی بەلەمێك لە ئاوەكانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا 13 پەنابەری كورد خنكان و دەیانی تریش بریندار بوون.
- پاش مردنی شێخ (زاید بن سوڵتان ئالنهەیان)ی میری ئەبوزەبی، ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، (خەلیفە بن زاید ئالنهەیان)ی كوڕی وەكو میری نوێی ئەبوزەبی هەڵبژێردرا و شوێنی باوكی گرتەوە.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 2008، هەریەكە لە (سێرج سەركیسیان)ی سەرۆكی ئەرمینیا و (ئیلهام عەلییف)ی سەرۆكی ئازەربایجان لە شاری مۆسكۆی پایتەختی ڕوسیا ڕێككەوتننامەیەكیان مۆركرد، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی هەرێمی (ناگۆرنۆ كاراباخ) بە شێوەیەكی ئاشتیانە كە بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی ئەو هەرێمە كوردن.
- ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی ساڵی 2009، لیژنەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی ئەفغانستان ئاشكرایكرد، كە (حامد كارزای) سەرۆكی ئەو وڵاتە زۆرینەی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا بە دەستهێناوە و بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە.
- ئەمڕۆ لە ئیكوادۆر و مەكسیك بە ڕۆژی مردووان لە قەڵەم دەدرێت و بۆنە و سروتی ئایینی بەڕێوەدەچن، لەلایەن مەزهەبی كاسۆلیكی مەسیحییەتیشەوە ئەمڕۆ ڕۆژی هەموو گیانە پاكەكانە.