- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 644ی زایینی، (عومەری كوڕی خەتاب) دووەم خەلیفەی موسڵمانان پاش برینداركردنی لەلایەن هێرشبەرێكەوە بە سەختی و بەخەنجەری ژەهراوی كە پێشتر كردبوویە سەری، گیانی لەدەستدا و ئەوەش ناڕەزایەتیی موسڵمانەكانی لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 994ی زایینی، بیرمەند و فەیلەسوفی ناوداری جیهانی ئیسلامی (عەلی بن حەزم ئەندەلوسی) لە دایك بووە كە چەندین بەرهەمی گرنگی لە بوارەكانی فكری ئیسلامی و فەلسەفەدا نوسیوە و لە پاش خۆی خەرمانێك بابەتی گرنگی بەجێهێشتوە.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1492، نەیزەكی (ئینسایشایم) لە كاتی نیوەڕۆدا لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵیدا لە ناوچەی (ئەلزاس)ی فەرەنسا بەر زەوی كەوت كە زیانێكی زۆری گیانیی و ماڵیی لە ئەوروپا لێكەوتەوە و بەشێكی ناوچەكەی وێران كرد.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1875، هێزەكانی ئەسیوپیا بە فەرماندەیی (كەیركهام) هێرشێكی گەورەیان كردە سەر سوپای میسر كە بە هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی میسری كوژران.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1879، فەرماندە و بیرمەندی ناوداری ماركسی (لیۆن ترۆتسكی) لە دایك بووە، كە ڕۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی فكری ماركسیدا و خاوەنی چەندین بەرهەمی فكرییە.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1913، بیرمەند و نوسەر و فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسا و جیهان (ئەلبێر كامۆ) لە دایك بووە، كە ساڵی 1957 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئادابدا پێبەخشراوە.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1916، (جانێت رانكلین) وەكو ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا هەڵبژێردرا بەوەش بووە یەكەم ژن لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ئەو پۆستەی پێبدرێت.
- لە میانی شۆڕشی ئۆكتۆبەردا ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1917، بەڵشەفییەكان دەسەڵاتی ڕوسیایان گرتە دەست و حكومەتێكی كۆمۆنیستییان پێكهێنا و ناوی روسیایان گۆڕی بۆ یەكێتیی سۆڤێت.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1919، هێزە ئەمنییەكانی ئەمریكا هەڵمەتێكی گەورەیان ئەنجامدا بۆ دەستگیركردنی كۆمۆنیست و ئاژاوەگێڕەكان و هەڵمەتەكەش 23 ناوچە و شاری جیاجیای گرتەوە و تێیدا زیاتر لە دە هەزار كەس دەستگیر كران.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1920، (بینیتۆ مۆسۆلینی) خۆیی وەكو (دۆچی)ی پارتی فاشیزمی ئیتاڵیا ناساند كە بەرزترین پلە بوو لە پارتەكەدا و لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتی تەواوی گرتە دەست.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1949، (فاروقی یەكەم)ی پاشای میسر بە فەرمانێكی شاهانە پەرلەمانی ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا هەڵبژاردنێكی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1951، دەستوورێكی نوێ لە شانشینی ئوردنی هاشمی دەرچوو كە تێیدا سیستمی حوكمڕانیی لەو وڵاتەدا ڕێكدەخست.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1962، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤێت ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا لێكۆڵینەوە لە كشانەوەی موشەكەكانی سۆڤێت بكەن لە كوبا.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1973، پاش پچڕانی پەیوەندییەكانیان بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و میسر پەیوەندییەكانیان لە سەرجەم بوارەكاندا دەست پێكردەوە.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1982، حكومەتی توركیا لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێكەوە دەستووری ئەو وڵاتەی هەموار كردەوە و گۆڕانكاریی لە چەند بەندێكدا ئەنجامدا.
- دوای ڕزگاربوونی جەزائیر لە ژێر دەستی فەرەنسا، ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1983 (شازلی بن جدید)ی سەرۆكی جەزائیر بە سەردانێكی فەرمیی گەیشتە شاری پاریس و لەگەڵا بەرپرسانی فەرەنسادا كۆبووەوە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1986، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی ناوداری گەلی كورد (شەماڵا سائیب) بە هۆی توشبوونی بەنەخۆشییەكی كوشندە كۆچی دوایی كرد، كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی هونەریی و گۆرانی و ئاوازی داناوە.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1987، (زەینلعابدین بن عەلی) سەرۆك وەزیرانی تونس كودەتایەكی سپیی بەسەر (حەبیب بورقێبە)دا ئەنجامدا و لەسەر كار دووریخستەوە و خۆی چووە سەر كورسیی دەسەڵات و گۆڕانكاریی لە چەندین بواردا ئەنجامدا.
- ئێوارەی ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1987، مەفرەزە پارتیزانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەند ناوچەیەكی كوردستان بە تایبەت سەر ڕێگای سلێمانی – دوكان و چەمچەماڵا لە ژمارەیەك چالاكیدا زیانێكی زۆریان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق گەیاند.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1990، (ماری ڕۆبنسن) وەكو سەرۆك كۆماری ئێرلەندە هەڵبژێردرا بەوەش بووە یەكەم ژن لە مێژووی ئێرلەندەدا كە بەرزترین پۆستی ئەو وڵاتە بگرێتە دەست.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە بە مەبەستی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراق.
- ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 2007، پاوەنی ئیستەرلینی بەرزترین ئاستی تۆماركرد لە چاو دۆلاری ئەمریكیدا، بە شێوەیەك كە نرخی پاوەن گەیشت دوو هێندەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی دراودا.
- ئەمڕۆ لە هەرێمی كەتەلۆنیای باكوری ئیسپانیا بە ڕۆژی نیشتمانی لەقەڵەم دەدرێت و بۆنە و ئاهەنگی گەورەی نیشتمانیی بەڕێوەدەچن.