- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 899ی زایینی، نوسەر و مێژوونوس و زانای ناوداری عەرەب (ئەبومحەمەدی كوڕی قوتەیبە دەینوری) كۆچی دوایی كردووە كە چەندین بەرهەمی گرنگی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1002ی زایینی، (ئیسل ڕیدی دووەم)ی پاشای ئینگلتەرا فەرمانیدا سەرجەم ئەو هاووڵاتییە دانیماركیانە بكوژرێن كە لە خاكی ئینگلتەرادا نیشتەجێ بوون بەو هۆیەشەوە هەزاران دانیماركی كوژران كە بە قەسابخانەی ڕۆژی برایسی پیرۆز ناسراوە.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1504، (فیلیبی یەكەم) لە دایك بووە كە بە پێشەوای چاكسازیی لە قەڵەم دەدرێت لە مەزهەبی پرۆتستانتی ئایینی مەسیحییەتدا.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1868، ئاوازدانەر و میوزیكژەن و هونەرمەندی ئیتاڵی (جواكینۆ ڕۆسینی) كۆچی دوایی كردووە كە چەندین شاكاری میوزیكی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1882، سوپای دەوڵەتی عوسمانی هێرشیان كردە سەر قەڵای (شێپتان) لە باكوری كوردستان كە (شێخ عەبدولقادری كوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری) لەگەڵا ژمارەیەك شۆڕشگێڕدا بەرگرییان دەكرد، پاش شەڕێكی قورس شۆڕشگێڕەكان خۆیان ڕادەستی سوپای عوسمانی كرد و قەڵاكە داگیركرا.
- دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی روسیا لەلایەن كۆمۆنیستەكان و پێكهێنانی یەكێتیی سۆڤێت، ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1918، حكومەتی كۆمۆنیستیی سۆڤێت پەیماننامەی (برێست – لیتۆفسك)ی هەڵوەشاندەوە كە پێشتر ڕوسیای قەیسەری بە مەبەستی ئاشتی لەگەڵا وڵاتانی بەرەی میحوەردا مۆری كردبوو.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1918، لە میانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا هێزە هاوبەشەكانی هاوپەیمانان هێرشیان كردە سەر شاری (قوستەنتینییە)ی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی واتە ئیستانبوڵی ئێستا و پاش شەڕێكی سەخت داگیریان كرد.
- بە هۆی سەرهەڵدانی كێشەی گەورە لە نێوان توركیا و عێراقدا لەسەر ویلایەتی موسڵا، ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1924، ڕێكخراوی كۆمەڵەی گەلان بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەتمەند پێكبهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەكان و چارەسەركردنیان.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1929، پارتی كۆمۆنیستی ئیندۆنیزیا شۆڕشێكی لە دژی داگیركاری هۆڵەندی لە دورگەی (جاوەی خۆرئاوا) بەرپا كرد.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1929، (عەبدولموحسن سەعدون)ی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هۆكارێكی نادیار خۆیی كوشت.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1935، ڕاپەڕینێكی جەماوەری لە میسر بەڕێوەچوو لە دژی داگیركاری ئینگلیز و حكومەتەكەی (محەمەد تەوفیق نەسیم پاشا)، بە هۆی ئەوەی گۆڕانكاریی لە دەستووری میسردا كرابوو كە دەسەڵاتی پاشای زیاد دەكرد و بواری بۆ دەنگی جەماوەری میسر نەدەهێشتەوە.
- بەهۆی كوژرانی سێ سەربازی ئیسرائیلی لەسەر سنوری ئوردن، ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1966، جەنگی سموع لە نێوان هەردوو سوپای ئوردن و ئیسرائیلدا بەرپابوو كە بە هۆیەوە زیانێكی زۆر بە سوپای هەردوو وڵات گەیشت.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979، (ڕۆناڵد ڕیگن)ی حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا ئاشكرایكرد كە خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 1980 كاندید دەكات، بەو هۆیەشەوە جەماوەرێكی زۆری لە خۆی كۆكردەوەو هەڵبژاردنەكەی بردەوە.
- دوای تێكچوونی بارودۆخی ئێران و سەرهەڵدانەوەی شەڕ و كوشتار لە نێوان كورد و حكومەتی تاراندا، ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979، سەركردایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆبوونەوەیەكی فراوانی بە بەشداریی كەسایەتیی و خەڵكی شاری مهاباد ئەنجامدا بە مەبەستی تاووتوێكردنی ڕەوشەكە و بڕیاردان لەسەر داهاتووی هاوكێشەكان.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1986، هێزەكانی سوپای عێراق لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە سەر ناوچەی شەمامك بەڵام لەلایەن مەفرەزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە زۆر بە توندی بەرپەرچ درانەوە و هێرشەكە بە تەواوی تێكشكێنرا، زیانەكانی سوپای عێراقیش دەیان كوژراو و بریندار بوون، بێجگە لەوەش زیانێكی زۆری لۆجستی لە سوپای عێراق كەوت و پێشمەرگە دەستی بەسەر چەندین چەكی قورسدا گرت.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2001، (جۆرج بوش)ی سەرۆكی ئەمریكا بڕیارێكی واژۆ كرد كە دەسەڵاتی دەدایە دادگا سەربازییەكان بۆ لێپێچینەوە و دەستگیركردنی ئەو بیانییانەی گومانیان لێدەكرێت پەیوەندییان بە كاری تێكدەرانە و هێرشەوە هەبێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2008، (سیدی محەمەد ولد شێخ عەبدوڵڵا)ی سەرۆكی لەسەركارلابراوی مۆریتانیا لە زیندان ئازادكرا كە پێشتر لە كودەتایەكدا دەستگیركرابوو، بە فەرمانی حكومەتیش خرایە ژێر چاودێرییەوە و ڕێگەی پێدرا بە بینی هەر كەسێك خۆی مەبەستی بێت.
- ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، گروپە تیرۆرستە عەرەبەكانی شاری موسڵا پاش دەستگیركردنی سێ گەنجی كورد هەرسێكیانیان سەربڕی و ئەوەش ناڕەزایەتییەكی زۆری شەقامی كوردستانی لێكەوتەوە.
- دوای دەست لەكاركێشانەوەی (سلڤیۆ برلسكۆنی) سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، ڕۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، (جۆرجۆ بۆلیتانۆ)ی سەرۆكی ئیتاڵیا بە فەرمانێكی سەرۆكایەتی (ماریۆ مۆنتی)ی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی رۆما ڕاسپارد.