- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 9ی زایینی، (فسبازیان)ی ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە دایك بووە، كە یەكێك بووە لە فەرمانڕەوا بەناوبانگەكانی شارستانییەتی ڕۆمانی.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 641ی زایینی، (جۆمیە)ی ئیمپراتۆری ژاپۆن كۆچی دوایی كردووە، كە یەكێك بووە لە فەرمانڕەوا سەرسەختەكانی ژاپۆن و لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا دەستی بەسەر چەندین ناوچەی كیشوەری ئاسیادا گرتووە.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1292، فەرماندەی سەربازی (جۆن بالیۆل) وەكو پاشای هەرێمی سكۆتلەندا هەڵبژێردراوە و چووەتە سەر كورسیی دەسەڵات، كە لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا هەوڵی زۆری داوە بۆ دروستكردنی شانشینێكی سەربەخۆ.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1511، هەردوو سوپای ئیسپانیا و ئینگلتەرا لە دژی هێزەكانی فەرەنسا یەكیان گرت و دەستیان بە هێرشی سەربازیی كرد بۆ سەر خاكی فەرەنسا.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1558، (ئەلیزابێس)ی خوشكی (ماریی یەكەم) و كچی (هێنری هەشتەم)ی پاشای ئینگلتەرا، وەكو شاژنی ئینگلتەرا هەڵبژێردرا و تاجی پاشایەتیی كرایە سەر.
- دوای ئەوەی سوڵتان (مەحمودی دووەم)ی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی هەوڵیدا هێزە ئینكیشارییەكان هەڵبوەشێنێتەوە، ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1808، یەكەكانی سەر بە هێزەكانی ئینكیشارییەكان لە دژی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی ڕاپەڕین و دەستیان بە هەڵگەڕانەوەو شۆڕش كرد.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1809، هێزەكانی بەریتانیا هێرشیان كردە سەر بارەگای سەرەكیی (قەواسم) لە ناوچەی (ڕەئسولخەیمە)ی شام، بەوەش شاڵاوی دووەمی بەریتانییەكان بۆ داگیركردنی خاكی فەڵەستین دەستی پێكرد.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1903، پارتی كاری سۆسیالیستی دیموكراتی ڕوسی بوو بە دوو پارچەوە، ئەوانیش بەڵشەفییەكان و مەنشەفییەكان بوون.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1917، شێخ (ئەحمەد شەرباسی)ی میسری لە دایك بووە كە یەكێك بووە لە پێشەنگەكانی فكری نوێی ئیسلامیی و ڕۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی بانگەوازی ئیسلامیدا.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1930، ئەنجومەنی گشتیی بەریتانی دەستی بە گفتوگۆ و لێكدانەوەكانی كرد لە بارەی دۆخی فەڵەستینەوە كە تایبەت بوو بە چۆنێتیی هەڵسوكەوتی بەریتانییەكان لە مەسەلەی داگیركردن و چاودێریكردنی خاكی فەڵەستین.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1947، هەردوو زانای ئەمریكی (جۆن باردین و واڵتەر براتین) بنەما سەرەكییەكانی دروستكردنی (ترانزستۆر)یان دانا كە سەرەتایەك بوو بۆ شۆڕشی ئەلكترۆنیات لە سەدەی بیستەمدا.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1958، شۆڕشێكی گەورە لە سودان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەرپا بوو كە لەلایەن فەرماندەی سەربازیی فەریق (ئیبراهیم عەبود)ەوە ڕابەرایەتی دەكرا.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1967، زانای ئایینی و بانگخوازی ئیسلامیی و نوسەر و تێكۆشەر و شەرعزانی ناوداری عێراقی شێخ (ئەمجەد زەهاوی) كۆچی دوایی كردووە.
- لە میانی ململانێكانی یەكێتیی سۆڤێت و ئەمریكا لە جەنگی سارددا، ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1969 دانوستانكارانی سۆڤێت و ئەمریكا بۆ یەكەمجار لە شاری هلسنكی دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان كرد بە ئامانجی سنوردانان بۆ بڵاوكردنەوە و فراوانكردنی جبەخانەی چەكی ستراتیژیی.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1970، زانای ئەلكترۆنییات (دۆگلاس ئینجلبرت) ئەستۆپاكیی داهێنانی وەرگرت بە هۆی دروستكردنی مشكی كۆمپیوتەر واتە (ماوس) كە بە هۆیەوە كارپێكردنی كۆمپیوتەری ئاسان كرد بۆ بەكارهێنەرەكانی.
- دوای ئەوەی دادگای دادی نێودەوڵەتی ئاشكرایكرد كە خاكی بیابانی خۆرئاوا بەشێكە لە خاكی مەراكش، ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1975 (حەسەنی دووەم)ی پاشای مەراكش بڕیاریدا خۆپیشاندانێكی جەماوەریی بۆ بیابانی خۆرئاوا ئەنجام بدرێت و داوای یەكلاییكردنەوەی دۆسێی ئەو ناوچەیە بكرێت.
- پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێمەكەی (محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی) و سەرهەڵدانی ناكۆكیی و پێكدادان لە نێوان كورد و سوپای ئێراندا، ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979 ئیمام (خومەینی) ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بانگەوازێكدا داوای لە نوێنەرانی گەلی كورد و حكومەتی تاران كرد بە شێوەیەكی ئاشتییانە دەست بە گفتوگۆ و دانوستانی نێوانیان بكەن.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1988، بە پیلانێكی ڕژێمی بەعس چەندین ئاوارەی كورد كە لە كەمپەكانی توركیا نیشتەجێ بوون ژەهراوی بوون و گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989، شۆڕشی مەخمەڵی لە چیكسلۆڤاكیا دەستی پێكرد كە سەرەتا خوێندكاران لە شاری پراگ دەستیان بە خۆپیشاندان و ڕاپەڕین كرد، هەرچەندەش لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی ئاژاوەوە خۆپیشاندانەكان دامركێنرانەوە بەڵام دواتر فراوان بوو ڕاپەڕینی جەماوەریی بە دوای خۆیدا هێنا و سەرئەنجام بە ڕوخانی حكومەتە كۆمۆنیستییەكەی ئەو وڵاتە كۆتایی پێهات.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1998، ڕێككەوتننامەی (وای ڕیڤەر) لە نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەكاندا بە تەواوی مۆركرا كە بە گوێرەی ڕێككەوتنەكە سوپای ئیسرائیل لە خاكی كەناری خۆرئاوا پاشەكشە دەكات و هەردوولاش كار بۆ نەهێشتنی تیرۆر و كوشتن دەكەن و پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان فەڵەستین و تەلئەبیب توندوتۆڵا دەكرێن.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 2003، پاڵەوانی لەشجوانیی و ئەكتەر و سەرمایەداری بەناوبانگی ئەمریكی (ئارنۆڵد شوارزنیگەر) وەكو حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا هەڵبژێردرا.
- ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام كۆبوونەوە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی كورد لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ كێشەی ئاوارە كوردەكان.
- ئەمڕۆ لە سلۆڤاكیا بە ڕۆژی ئازادیی ئەژمار دەكرێت.