ڕۆژی 22ی تشرینی دووەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1617ی زایینی، سوڵتان (ئەحمەد خانی یەكەم)ی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی كۆچی دوایی كردووە، كە ساڵی 1590 لە دایك بوە ‌و شوێنی سوڵتان محەمەدی سێهەمی باوكی گرتوەتەوە ‌و ساڵی 1603 چووەتە سەر كورسیی دەسەڵات، بەڵام لە هەڕەتی لاوێتیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردوە.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1819، ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی ناوداری ئینگلیزی (جۆرج ئیلیۆت) لە دایك بووە، كە چەندین ڕۆمان ‌و شاكاری جیهانیی نوسیوە ‌و بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون، ئیلیۆت ساڵی 1880 كۆچی دوایی كردوە.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1890، یەكێك لە سەركردە بەناوبانگەكانی سەدەی بیستەم لە دایك بووە، كە ئەویش (شارل دیگۆل)ی سەرۆكی فەرەنسا بووە ‌و لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا رۆڵی زۆری بینیوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی سوپای ئەڵمانیای نازی ‌و رزگاركردنی فەرەنسا لە ژێر دەستی نازییەكان.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1914، لە میانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا سوپای ئینگلیز بە بیانووی پاراستنی بۆرییەكانی نەوت، چوونە ناو شاری بەسرەی باشوری عێراقەوە ‌و داگیریان كرد.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1916، نوسەر ‌و ئەدیب ‌و ڕۆماننوسی ئەمریكی (جاك لەندەن) كۆچی دوایی كردووە، كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی بەپێزی نوسیوە.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1924، حكومەتی بەریتانیا داوای لە حكومەتی میسر كرد ‌و هۆشداریی پێدا سوپاكەی لە خاكی سودان پاشەكشە پێبكات ‌و پۆزش بهێنێتەوە ‌و قەرەبووی مادیشی بكاتەوە، لە بەرامبەر كوژرانی (لی ستاك)ی فەرمانڕەوای ئینگلیز لە سودان ‌و میسر، حكومەتەكەی (سەعد زەغلول)یش بە داواكە ڕازی بوو.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1943، لوبنان لە ژێردەستەیی فەرەنسییەكان ڕزگاری بوو لەلایەن پاریسەوە وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ دانی پێدا نرا، (بەشارە خوری)ش وەكو سەرۆكی لوبنان هەڵبژێردرا.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1963، لە میانی سەردانێكیدا بۆ شاری (دالاس) ‌و لەناو ئاپۆرای پێشوازیكردنی جەماوەردا بە چەكی قەناس هێرش كرایە سەر (جۆن كینیدی) سەرۆكی ئەمریكا ‌و دەستبەجێ‌ گیانی لە دەست دا.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1967، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 242ی دەركرد كە تایبەت بوو بە پاشەكشەكردنی سوپای ئیسرائیل لە خاكی وڵاتانی عەرەبی ‌و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی هاوسێی ‌و ئازادیی ڕێڕەوە ئاوییەكان ‌و كێشەی پەنابەران.
-    دوای مردنی (فرانسیسكۆ فرانكۆ)ی دیكتاتۆری ئیسپانیا، ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1975، (خوان كارلۆس) وەكو پاشای ئیسپانیا هەڵبژێردرا ‌و سیستمی پاشایەتیش گەڕێنرایەوە بۆ ئیسپانیا.
-    دوای پەڕینەوەی پێشمەرگەكانی كورد بە ڕابەرایەتی (ئیبراهیم عەزۆ) لە سوریاوە بۆ كوردستان، ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1976، دووەم كاروانی پێشمەرگەكانی كورد لە خاكی سوریاوە پەڕینەوە بۆ باشوری كوردستان.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1987، هێزەكانی سوپای عێراق هێرشێكی گەورەیان كردە سەر ناوچەی (زینۆی سپی) بەڵام لەلایەن مەفرەزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە زۆر بە توندی بەرپەرچ درانەوە ‌و هێرشەكە تێكشكێنرا، كە تێیدا زیانێكی زۆر لە سوپای عێراق كەوت ‌و دوو پێشمەرگەش گیانیان لەدەستدا.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989، لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلێكەوە لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری بەیروتدا هێرش كرایە سەر (ڕینییە معەوەز)ی سەرۆك كۆماری لوبنان كە بە هۆیەوە خۆی ‌و ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی گیانیان لە دەست دا.
-    وەكو ئامادەكارییەك بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی عێراق، ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1990، (جۆرج بوش)ی سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە خاكی عەرەبستانی سعودییە ‌و بنكە ‌و بارەگاكانی سوپای ئەمریكای لەو وڵاتە بەسەر كردەوە.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1991، سوپای عێراق هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر گوندی (سەفییە) بەڵام بە هۆی بەرگریی هێزی پێشمەرگەوە هێرشەكەی سوپای عێراق تێكشكێنرا ‌و چەندین كوژراو و برینداری لە پاش خۆی بەجێهێشت.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2003، ژمارەیەك لە نەیارانی (ئیدوارد شڤەردنادزە)ی سەرۆكی جۆرجیا هێرشیان كردە سەر بارەگای پەرلەمانی ئەو وڵاتە ‌و داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكیان كرد.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، پەرلەمانی ئەوروپا كۆبوونەوەیەكی لە بارەی كێشەی كورد لە توركیا سازكرد كە ژمارەیەك كەسایەتیی ‌و سیاسەتمەداری كوردیش بەشدارییان تێدا كرد.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004، شۆڕشی پرتەقاڵی لە ئۆكراین دەستی پێكرد ئەویش بە هۆی ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە كە شۆڕشەكە بە شێوەیەكی هێمنانە سەرتاسەری ئۆكراینی گرتەوە.
-    ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2005، (ئەنجێلا مێركڵا) وەكو ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرا بەوەش بووە یەكەم ژن لە مێژووی ئەڵمانیادا كە پۆستی ڕاوێژكاری ئەو وڵاتە بگرێتە دەست.
-    دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی (زەینلعابدین بنعەلی) سەرۆكی تونس، ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، ئەنجومەنی دامەزراندنی نیشتمانی لە تونس دەستی بە كۆبوونەوەكانی كرد بە مەبەستی داڕشتنی دەستوورێكی نوێ‌ بۆ تونس ‌و دامەزراندنی حكومەتێكی نیشتمانی لەو وڵاتەدا.
-    ئەمڕۆ لە لوبنان بە جەژنی سەربەخۆیی لە قەڵەم دەدرێت ‌و ئاهەنگ ‌و مەراسیمی نیشتمانی بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێن.