پارێزگاری سلێمانی هاوكاری زیان لێكەوتوانی لافاوەكە دەكات

پارێزگای سلێمانی

بەمەبەستی سەردانكردن‌و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی هاوڵاتیانی ئەو گوندو ناوچانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتبوو، پارێزگاری سلێمانی بەیاوەری قائیمقامی چوارتا سەردانی گوندی قەلا چوالان و ناحیەی زەلانی سەر بەقەزای چوارتایكرد، لەو سەردانەشدا هاوكاری گەیەنرایە ئەو ماڵانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتبوو.

ئەمڕۆ 31ی ئازار د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ قائیمقامی قەزای چوارتا سەردانی گوندی قەلاچوالان و ناحیەی زەلانی سەر بەقەزای چوارتای كرد، لەو سەردانەشدا 11 ماڵیان بەسەركردەوە كە بەهۆی لافاوەوە زیان بەر ماڵەكانیان كەوتبوو، هەر یەكە لەو ماڵانەش  برێك هاوكاریان وەرگرت كە لەلایەن پارێزگاری سلێمانی د.ئاسۆ تەرخان كرابوو. 

هەر لەدرێژەی سەردانەكەی پارێزگاردا بۆ ئەو سنورە، سەردانی پردی زەلانی كرد كە بەهۆی لافاوەوە روخابوو، بەهۆی گرنگی پردەكەشەوە ئاماژەی بەوەكرد، كە بونی ئەو پردە زۆر زەرورە‌و هەوڵ ئەدات بۆ زوو چاككردنەوەی ئەو پردە، چونكە بۆ هاوڵاتیانی سنورەكە پێویستە.

ش، ع