ڕۆژی 4ی كانونی یەكەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 756ی زایینی، ئیمام (جەعفەری سادق) شەشەم ئیمامی شیعەی دوانزدە ئیمامی كۆچی دوایی كردووە، كە یەكێك بوە لە كەسایەتییە دیارەكانی سەردەمی دوای كۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام ‌و بەرگرییەكی زۆری لە بنەماڵەی پێغەمبەر كردوە.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1110ی زایینی، لە میانی یەكەم شاڵاوی مەسیحییەكان لە دژی وڵاتانی موسڵماننشین كە لەسەر داوای پاپای ئایینی كریستیانەكانی ئەوروپا دەستی پێكرد، شاری سەیدا لە ناوچەی شام لەلایەن سوپای مەسیحییەكانەوە داگیر كرا.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1123، (عومەر خەیام)ی شاعیر ‌و زانای گەردوونناسی ‌و بیركاریی ئێرانی كۆچی دوایی كردووە، خەیام بەوە ناسراوە كە شیعرەكانی بنەمایەكی فەلسەفییان هەیە ‌و باس لە كێشەكانی ژیان دەكەن ‌و مرۆڤ هاندەدەن لە خۆی ڕابمێنێت.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1918، (ودرۆ وڵسن)ی سەرۆكی ئەمریكا بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت بە مەبەستی دانوستانی وڵاتان لە بارەی كۆتاییهێنان بە جەنگی یەكەمی جیهانی.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1954، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆكی پێشووتری میسر دادگای شۆڕشی ئەو وڵاتە سزای لە سێدارەدان ‌و زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ 13 سەركردەی كۆمەڵی ئیخوان موسلمین دەركرد.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1990، لە پاش ماوەی حەفتا ساڵا یەكێتیی سۆڤێت كە لە هەڵوەشانەوە نزیك ببووەوە، بۆ یەكەمجار ڕێگەیدا كەرتی تایبەت كار بكات ‌و بتوانێت ببێتە خاوەنی موڵكییەت.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1992، سەدان پەنابەری كورد لە پاكستان بە هۆی مامەڵەی خراپەوە لەو وڵاتەدا مانیان لە خواردن گرت، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكانی پاكستان پەلاماری كەمپی پەنابەرانیان دا ‌و دەستگیریان كردن بەڵام پەنابەرەكان لە ناو گرتووخانەشدا لە مانگرتن بەردەوام بوون تا سەرئەنجام حكومەت بڕیاریدا ئازادیان بكات.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 1994، كۆمەڵەی هاوكاریی ئەڵمانیا نامەیەكی ناڕەزایەتییان دایە (پوترس غالی) سكرتێری پێشووتری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە هۆی ئەوەی كە حكومەتی توركیا چەند پەرلەمانتارێكی كوردی باكوری كوردستانی دەستگیر كردبوو.
-    بەرەبەیانی ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 2002، پێكدادان لە نێوان گروپێك لە چەكدارانی ئەنسارولئیسلام ‌و هێزێكی یەكێتیی نیشتمانیدا لە نزیك هەڵەبجەی شەهید ڕوویدا ‌و لە ئەنجامدا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێكەوتەوە.
-    ڕۆژی 4ی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل (سوقرات) كۆچی دوایی كردووە، لە هەمان ڕۆژ ‌و ساڵیشدا هونەرمەند ‌و ئەكتەری هندی (دیڤ ئەناند) كۆچی دوایی كردووە.
-    ئەمڕۆ لە هندستان بە ڕۆژی دەریایی ئەژمار دەكرێت، هەر ئەمڕۆش یادی شاڵاوی یەكەمی مەسیحییەكان بۆ سەر موسڵمانان دەكرێتەوە كە ساڵی 1095ی زایینی (ئۆبارنۆسی دووەم)ی پاپای ڤاتیكان لە وتارێكدا هانی مەسیحییەكانی دا بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی موسڵماننشین ‌و دەرهێنانی شاری قودس لە دەستی موسڵمانەكان.