وەفدێكی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەردانی پارێزگا دەكات و گفتوگۆ لە بارەی چەند پرسێكی هەنووكەیی دەكرێت، چەند پێداویستییەكیش بۆ كەرتی تەندروستی دابین دەكات.
ڕۆژی چوارشەممە 27/11/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیی كرد لە بەڕێزان خاتوو مارتا ڕوداس، جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخەری مرۆیی و نیشتەجێكردن و وەفدی هاوڕێی.
لە كۆبونەوەیەكدا بەوردی گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی ئاوارە و پەناهەندەكان و ڕوداوە چاوەڕوانكراوەكان و كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و بوارە خزمەتگوزارییەكان كران، پارێزگاری سلێمانی چەند پڕۆژە و پێشنیازی بۆ پەرەپێدانی لاوان و دەرچوانی زانكۆكان و دروستكردنی دەرفەتی كاركردن و نزیكتركردنەوەی هاووڵاتیانی شارەكان و ئاوارەكان خستەڕوو.
هەر لە میانی كۆبونەوەكەدا هەماهەنگیی زیاتری نێوان ئاژانسەكانی سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و حكومەتە خۆجێییەكان جەختی لەسەر كرایەوە.
دواتر بەڕێز پارێزگاری سلێمانی هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان خاتوو مارتا ڕوداس و وەفدی هاوڕێی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی شاریان بەسەر كردەوە و ئەو پشتیوانییانە وەرگیران كە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO بۆ كەرتی تەندروستی دابین كردون، كە لە ئێستادا (٥٠) بێدی زیرەك و دوو ئۆتۆمبێلی نوێی فریاكەوتنی خێران.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا (نزیكەی ١٣ ملیۆن دۆلار)ی بۆ كەرتی تەندروستی لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین خەرج كردووە. وەفدی میوان بە بایەخەوە لە ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی پارێزگای سلێمانی دوان و سوپاسی پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی و پزیشك و كارمەندانیان كرد كە دڵسۆزانە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە و ڕایانگەیاند كە بە پێی داتاو زانیارییەكانی WHO پارێزگای سلێمانی لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەكاندا لە پلەی یەكەمدایە لەسەر ئاستی عێراق.
بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن و نوێترین هەواڵ و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:
https://twitter.com/SlemaniGov
https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/
https://www.facebook.com/slemanigov/
https://www.instagram.com/slemani_governorate/
https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber