سلێمانی لە دیسەمبەردا

پارێزگای سلێمانی

لە مانگی کانونی یەکەم (دیسەمبەر)دا چەندین رووداو و پێشهات لە سنوری سلێمانی روویان داوە، ئەم بابەتانە هەندێک رووداون کە لە سەرچاوە مێژووییەکان وەرگیراون.

-    ڕۆژی 1ی دیسەمبەری ساڵی 1918، سەرپەرشتیاری بەریتانیا لە عێراق ( ویدرۆ ویڵسن) گەیشتە شاری سلێمانی بە مەبەستی دانوستان لەگەڵا كورد ‌و بەسەركردنەوەی ڕەوشی ناوچەكە.
-    ڕۆژی 1ی دیسەمبەری ساڵی 1933، زانا ‌و نوسەر ‌و زمانزان ‌و رۆژنامەنوس ‌و وەرگێڕ ‌و مێژوونووسی بەناوبانگی كورد  مامۆستا (د. جەمال نەبەز) لە شاری سلێمانی لە دایك بووە، كە رۆڵی زۆری بینیوە لە پێشخستنی گیانی نیشتمانپەروەریی ‌و خاوەنی چەندین بەرهەمی بە پێز بوە ‌و لە چەندین گۆڤار ‌و رۆژنامەدا بابەتی بڵاوكردوەتەوە، رۆژی 8ی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد ‌و لە پاش خۆی خەرمانێك بەرهەمی ئەدەبی ‌و فكریی ‌و سیاسیی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 1ی دیسەمبەری ساڵی 1952، بە بڕیارێكی پاشایەتی حكومەتی عێراق (جەلال خالید)ی كردە موتەسەڕیفی سلێمانی ‌و شوێنی نەجمەدین سائیبی گرتەوە، كە هەتا ساڵی 1954 لەو پۆستەدا مایەوە.
-    ڕۆژی 3ی دیسەمبەری ساڵی 1944، نیشتمانپەروەر ‌و كەسایەتیی ‌و شاعیری بەناوبانگی گەلی كورد مامۆستا (ساڵح زەكی ساحێبقران) لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق كۆچی دوایی كردووە، ساڵح زەكی ساحێبقران ساڵی 1886 لە سلێمانی لە دایك بوە ‌و یەكێك بوە لە ئەفسەرە بەناوبانگەكانی سوپای دەوڵەتی عوسمانی، بەشداریی لە شۆڕشی كورددا كردوە لە دژی داگیركاری ئینگلیز ‌و دوای ئەوەی حكومەتی كوردستان پێكهێنرا بە رابەرایەتیی شێخ مەحمودی حەفید، پۆستی قۆماندانی عەسكەریی واتە سوپاسالاری  كوردستانی پێبەخشراوە لە دووەم خولی حكومەتی باشوری كوردستاندا.
-    ڕۆژی 4ی دیسەمبەری ساڵی 2004، هەشتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی ڕێكخرا كە زیاتر لە 150 ئەدیب ‌و نوسەر ‌و شاعیری ناوخۆی هەرێم ‌و پارچەكانی تری كوردستان ‌و كوردانی دەرەوە بەشدارییان تێدا كرد.
-    ڕۆژی 5ی دیسەمبەری ساڵی 1991، لە شاری سلێمانی 25 هاووڵاتی لە بەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند كە بۆ ماوەی 9 ڕۆژ بەردەوام بوو تێیدا داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد داخوازییەكانی گەلی كورد لە بەرچاو بگرێت دواتریش مانگرتنەكە سەرتاسەری باشوری كوردستانی گرتەوە ‌و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی ناوچە جیاجیاكان چوونە ریزی مانگرتووەكانەوە.
-    ڕۆژی 7ی دیسەمبەری ساڵی 1986، شاعیری نەتەوایەتیی كورد مامۆستا محەمەد ئەحمەد تەها ناسراو بە (كامەران موكری) لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووە، كە یەكێك بوە لە شاعیرە نوێخوازەكان ‌و لە هەمان كاتدا چیرۆكنوس ‌و نیشتمانپەروەرێكی گەورەش بوە ‌و خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی بوە، كامەران موكری ساڵی 1929 لە شاری سلێمانی لە دایك بوە ‌و لە ماوەی ژیانیدا بە هۆی هەڵوێستە نیشتمانییەكانیەوە تووشی گرتن ‌و ئازارچەشتن بوە بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، تا سەرئەنجام لە شاری هەولێر بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردوە ‌و لە پاش خۆی سەرجەم بەرهەمە شیعرییەكانی لە دیوانێكدا بە ناوی دیوانی كامەران موكری چاپ ‌و بڵاوكراوەتەوە.
-    ڕۆژی 9ی دیسەمبەری ساڵی 1963، شاعیر ‌و نوسەری بە ناوبانگی كورد مامۆستا (مەلا مستەفای حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە) ناسراو بە (سەفوەت) كۆچی دوایی كردووە، كە ساڵی 1904 لە شاری سلێمانی دایك بوە ‌و لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بوارەكانی ئایین ‌و ئەدەب كردوە ‌و شارەزاییەكی زۆری لە زمان ‌و ئەدەب ‌و فكر ‌و فیقهی ئیسلامیی ‌و تەفسیردا هەبوە، بۆ دەستخستنی زانست ‌و زانیاریی لەلای چەندین مامۆستای ئایینی ‌و روناكبیر خوێندوویەتی ‌و دوای كۆچی دواییشی چەندین بەرهەمی گرنگی لە پاش خۆی بەجێهێشتوە كە گرنگترینیان كتێبی گوڵستانی سەعدییە.
-    ڕۆژی 10ی دیسەمبەری ساڵی 1985، هێزەكانی سەر بە رژێمی بەعسی عێراق هێرشێكی فراوانیان بۆ ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا بە مەبەستی گرتنی شاخی گمۆ، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی هێرشەكەی دایەوە ‌و تێكشكێنرا، زیانەكانی هێزە ئەمنییەكانیش چەندین كوژراو و بریندار بوون ‌و چەندین ئامێری سەربازیی تێكشكێنران.
-    ڕۆژی 10ی دیسەمبەری ساڵی 2004، لە كاتی ئەنجامدانی پرۆژەیەكدا گۆڕێكی بە كۆمەڵا لە نزیك پردی دەباشانی شاری سلێمانی دۆزرایەوە، دوای پشكنین دەركەوت كە سەرجەمیان كورد بوون ‌و لە سەردەی بەعسدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرابوون ‌و دواتر گوللـەباران كرابوون.
-    ڕۆژی 12ی دیسەمبەری ساڵی 2004، پرۆفیسۆر (كەمال خۆشناو) بە هۆی نەخۆشییەوە لە ئەوروپا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە تیكۆشەرانی كورد ‌و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی 1968دا ‌و دواتریش سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی لە ساڵی 1992دا، كە تا دواساتەكانی تەمەنی وەكو سەرۆكی زانكۆكە كاری بۆ فراوانكردن ‌و بەرەوپێشبردنی كردووە، كەمال خۆشناو تەرمەكەی لە رێوڕەسمێكی شایستەدا لە سلێمانی بە خاك سپێردرا.
-    ڕۆژی 13ی دیسەمبەری ساڵی 1984، زانای ئایینی ‌و نوسەر و رۆژنامەوانی بەناوبانگی گەلی كورد مامۆستا (عەلائەدین سجادی) لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق كۆچی دوایی كردووە ‌و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە خاك سپێردراوە، كە ساڵی 1907 لە گوندی باراوی نزیك ناحیەی بەرزنجە لە دایك بوە ‌و لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بوارەكانی ئایین ‌و ئەدەب ‌و نیشتمانپەروەریی كردوە ‌و لە پاش كۆچی دواییشی خەرمانێك بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتوە.
-    سەرلەبەیانی ڕۆژی 13ی دیسەمبەری ساڵی 1993، لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی بەهێز كە لە بەردەم بینای ڕێكخراوی (هاندیكاپ) لە شاری سلێمانی ڕوویدا دوو كەس گیانیان لە دەست دا ‌و شەشی دیكەش بریندار بوون.
-    لە پاش تێپەڕبوونی 9 ڕۆژ بەسەر مانگرتنی ئەو 25 هاوڵاتییەی كە لە شاری سلێمانی لە بەردەم ئۆفیسی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا داوای مافی گەلی كوردیان دەكرد ‌و دواتر مانگرتنەكە پشتیوانیی سەرجەم خەڵكی كوردستانی بە دەست هێنا، ڕۆژی 14ی دیسەمبەری ساڵی 1991 كۆتایی بە مانگرتنەكە هێنرا.
-    ڕۆژی 15ی دیسەمبەری ساڵی 1985، بە بەشداریی 61 ئەندام كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان لە ناوچەی بەرگەڵوی سەر بە پارێزگای سلێمانی پلینیۆمی ساز كرد.
-    ڕۆژی 15ی دیسەمبەری ساڵی 2001، بۆ یەكەمجار لە شاری سلێمانی شارێكی یاریی تایبەت بە منداڵان كرایەوە لە پاركی ئازادی بە مەبەستی خزمەتكردنی منداڵان ‌و رەخساندنی هەلی یاریی.
-    ڕۆژی 18ی دیسەمبەری ساڵی 1948، شاعیری گەورەی گەلی كورد مامۆستا (فائق بێكەس) كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بواری ئەدەبی كوردی كردوە و یەكێكیش بوە لە نیشتمانپەروەران، بێكەس لە پاش خۆی كۆمەڵێك بەرهەمی بەپێزی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 20ی دیسەمبەری ساڵی 1958، رۆژنامەنووس ‌و چالاكوان ‌و شاعیری ناوداری گەلی كورد (شێخ نوری شێخ ساڵح) بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردووە، شێخ نوری ساڵی 1896 لە دایك بوە ‌و لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بوارەكانی ئەدەب ‌و رۆژنامەگەریی كردوە ‌و یەكێكیش بوە لە كەسە نیشتمانپەروەران ‌و لە سەردەمی حكومەتەكەی شێخ مەحمودی حەفیددا پشتیوانێكی بەهێزی حكومەتی كوردستان بوە، لە پاش خۆیشی كۆمەڵێك بەرهەمی گرنگی بەجێهێشتوە.
-    پیرەمێردی شاعیری ناوداری گەلی كورد ڕۆژی 22ی دیسەمبەری ساڵی 1939، ئیمتیازی ڕۆژنامەی ژینی وەرگرت كە لە شاری سلێمانی بە زمانی كوردی بڵاو دەكرایەوە.
-    ڕۆژی 22ی دیسەمبەری ساڵی 1976، نوسەر ‌و ڕوناكبیری كورد (شێخ عەبدولعەزیز ئەمین پاڕەزانی) كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتی بە بوارەكانی ئەدەبی كوردی كردوە ‌و كۆمەڵێك بەرهەمی بەپێزی لە پاش خۆی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 24ی دیسەمبەری ساڵی 1950، لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی (تایەری پیزە)ی برای (خولەپیزە) بەتاوانی كوشتنی (عەبدولباقی ساحێبقران) لەبەر چاوی جەماوەردا لە سێدارە درا.
-    ڕۆژی 26ی دیسەمبەری ساڵی 1939، یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی ژین لە شاری سلێمانی بڵاوكرایەوە كە لەسەر دەستی پیرەمێردی شاعیر دەردەچوو ژمارەیەك نوسەری ئەو سەردەمە بابەتیان تێدا بڵاوكردوەتەوە ‌و گرنگیی بە هەستی نیشتمانپەروەریی داوە ‌و یەكێك بوە لە رۆژنامە گرنگەكانی سەدەی بیستەم لە كوردستاندا.
-    ڕۆژی 26ی دیسەمبەری ساڵی 1999، لە سنوری ئیدارەی یەكێتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە خۆپاڵاوتن كرا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی كوردستان.
-    ڕۆژی 28ی دیسەمبەری ساڵی 2002، بۆ یەكەم جار فێستیڤاڵی ڕۆشنبیریی گەرمەسێر لە شاری سلێمانی بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە تیپی هونەریی ‌و ئەدەیبان ‌و روناكبیران ساز كرا.
-    ڕۆژی 31ی دیسەمبەری ساڵی 1952، شاعیر ‌و ئەدەیبی ناسراوی گەلی كورد (بەختیار زێوەر) كۆچی دوایی كردووە، كە ناوی تەواوی (فایەق)ەو كوڕی مامۆستا زێوەری شاعیرە ‌و ساڵی 1908 لە شاری سلێمانی لە دایك بوە، یەكێك بوە لە كەسە بلیمەت ‌و نیشتمانپەروەرەكان ‌و خزمەتی زۆری بە ئەدەبی كوردی كردوە تا سەرئەنجام بە هۆی نەخۆشییەوە لە دەیەی چوارهەمی تەمەنیدا كۆچی دوایی كردوە ‌و لە تەنیشت مەزاری باوكی لە گردی جۆگە بە خاك سپێردراوە، دواتریش بە هۆی تێكدانی گۆڕستانەكەوە لەگەڵ تەرمی باوكی لە گردی ئابڵاخ بە خاك سپێردرانەوە.
-    لە كۆتا ساتەكانی ڕۆژی 31ی دیسەمبەری ساڵی 1999، پەخشی ئەزموونیی كەناڵی ئاسمانیی كوردسات دەستی پێكرد كە بارەگای سەرەكیی لە شاری سلێمانی بوو.

ئامادەكردنی: بەشی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی
مافی بڵاوكردنەوەی پارێزراوە