دكتۆر ئاسۆ سەردانی مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ دەكات

پارێزگای سلێمانی

بەمەبەستی بەشداریكردن لەكۆنفرانسێكی زانستی‌و لەنزیكەوە ئاگاداربوونی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی قەزای چەمچەماڵ، پارێزگاری سلێمانی سەردانی قەزاكەیكرد، چەندین شوێنی بەسەركردەوە‌و لەچەندین زیان‌و كێشەو گرفتیشی كۆڵییەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 18ی نیسانی 2016 دكتۆر ئاسۆ فەرەدیون پارێزگاری سلێمانی، بەیاوەری سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، سەردانی قەزای چەمچەماڵیكرد، بەشداریكرد لەشەشەمین كۆنفرانسی زانستی پێكهێنانی هەرێمەكان لەعێراق‌و چارەنوسی هەرێمی كوردستان لەزانكۆی چەرمۆ لەچەمچەماڵ، دواتر سەردانی ناو بازاڕی سەنتەری قەزاكەیكرد، لەو زیانانەی كۆڵییەوە كە بەهۆی لافاوەكەی هەفتەی ڕابردووەوە،بەر ئەو قەزایە كەوتبوو.

لەدرێژی سەردانەكەشیدا بۆ چەمچەماڵ دكتۆر ئاسۆ سەردانی مۆنۆمێنتی چەمچەماڵیكرد، تاجە گوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدان داناو هەندێك شوێنی ناو مۆنۆمێنتەكەشی بەسەركردەوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی ئەو بەشانە‌و هاوكات هاوكاریكردنیان، دواتر لەقائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازكرد‌و مەبەست‌و ئامانج‌و هەوڵەكانی بۆ قەزای چەمچەماڵ بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاشكراكرد.