ڕۆژی 10ی كانونی دووەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 49ی پێش زایین، لە كاتی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا هێزەكانی (یۆلیۆس قەیسەر) ڕوباری ڕۆبیكۆنیان بڕی ‌و ڕوویان كردە ڕۆمای پایتەخت.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1094ی زایینی، (موعد بن زاهیر) ناسراو بە (موستەنسر بیلـلا) هەشتەم خەلیفەی فاتمییەكانی میسر كۆچی دوایی كردووە، كە هەشتەمین خەلیفەی شیعەی ئیسماعیلییە ‌و بە هەژدەهەمین ئیمامیش لە قەڵەمی دەدەن.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی ساڵی 1653، یەكەم ڕۆژنامەی نوسرا و لە جیهاندا لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بڵاوكرایەوە كە بە سەرەتای كاری رۆژنامەوانیی نوسراو لە قەڵەم دەدرێت.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1830، بۆ یەكەم جار لە مێژوودا كاركردن بە شەمەندۆفێری ژێرزەوی لە شاری لەندەنی بەریتانیا دەستی پێكرد بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1830 بۆ یەكەم جار لە جیهاندا پولی نامەناردن بەكارهێنرا.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1862، (ساموێل كۆڵت) كۆچی دوایی كردووە كە داهێنەرێكی ئەمریكی بووە ‌و ڕۆڵی زۆری هەبووە لە پەرەپێدانی چەكدا ئێستاش كارگەیەكی تایبەت بە چەك دروستكردن بەناوییەوە هەیە.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1910، كۆمەڵەی هێڤی واتە هیوا لە كوردستان دامەزراوە كە كۆمەڵەیەكی سیاسی بوە ‌و ئامانج لە دروستكردنی بەرگریكردن بوە لە مافە نەتەوەییەكانی كورد.
-    دوای كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی، ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1920، یەكەم كۆبوونەوەی ڕێكخراوی كۆمەڵەی گەلان (عوسبەتولئومەم) ئەنجامدرا كە تێیدا پەیماننامەی فرسای لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوەكەدا مۆركرا ‌و كۆتایی جەنگ ڕاگەیەندرا ‌و نەخشەی نوێی سیاسی بۆ وڵاتانی جیهان كێشرا.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1923، ژمارە چواری ڕۆژنامەی ڕۆژی كوردستان بڵاوكرایەوە.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1944، كۆبوونەوەیەك لە نێوان (مستەفا بارزانی) سەركردەی هێزەكانی بارزان ‌و نوێنەری دەوڵەتی عێراقدا لە ناوچەی مێرگەسور ئەنجامدرا بە مەبەستی كۆتاییهێنان بەو شەڕ ‌و پێكدادانانەی كە لە نێوان هێزەكانی ناوچەی بارزان ‌و سوپای عێرقدا هەبوو بەڵام كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە.
-    بە هۆی جەنگی دووەمی جیهانییەوە كە ڕێكخراوی عوسبەتولئەومەم شكستی هێنابوو لە بەرگرتن لە هەڵگیرسانیدا، ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1946 ڕێكخراوەكە هەڵوەشێنرایەوە ‌و لە شوێنی ئەو ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان پێكهێنرا، لەو كۆبوونەوەیەدا كە دوای جەنگ لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو نوێنەری 51 وڵات بەشدارییان كرد.
-    بەرەبەیانی ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1949، شۆڕشی گەلی چین بە سەرۆكایەتیی (ماو تسی تۆنگ)   دەستی پێكرد كە دواجار سەركەوتنی بە دەست هێنا ‌و ماو حكومەتێكی كۆمۆنیستیی لە چین پێكهێنا.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1958، گۆرانیبێژی دەنگخۆشی مەغریبی (سەمیرە سەعید) لە دایك بووە.
-    دوای پچڕانی پەیوەندیی دبلۆماتی لە نێوان ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ‌و ڤاتیكاندا بۆ ماوەی چەندین ساڵا، سەرئەنجام ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1984، پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1987، مەفرەزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی كۆیە پەلاماری ڕەبییەكانی سوپای عێراقیان دا ‌و چەندین ڕەبییەیان گرت.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 1989، هێزەكانی كوبا لە خاكی ئەنگۆلادا دەستیان بە پاشەكشە كرد كە بۆ پشتیوانی لە ماركسییەكانی ئەنگۆلا چووبونە خاكی ئەو وڵاتەوە.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 2001، ئینسكلۆپیدیای ویكیپێدیا دەستی بە كاركردن كرد كە لەلایەن ڕێكخراوی نییوپێدیاوە دامەزرێنرا ‌و ئێستا بە زیاتر لە 270 زمانی جیاجیای جیهان پرۆگرامەكانی بەبێ‌ بەرامبەر پێشكەش دەكات ‌و نزیكەی بیست ملیۆن وتار ‌و بەباتی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت ‌و ئۆفیسی سەرەكیی لە شاری تامبای ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكایە.
-    لە پاش دەستگیركردنی (سەدام حسێن) لەلایەن هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكاوە لە نزیك شاری تكریت، ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 2004 ئیدارەی واشنتۆن لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە وەكو دیلی جەنگ مامەڵە لەگەڵا سەدام حسێندا دەكات.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، گۆڕێكی بەكۆمەڵا لە ناوچەی واسیتی شاری كەركوك دۆزرایەوە كە تەرمی 12 كوردی تێدابوو دواتر دەركەوت كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا كوژراون.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، پاڵەوانێتیی جامی نەتەوەكانی ئەفریقا لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەستی پێكرد.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، نوسەر ‌و بیرمەندی میسری (مەحمود ئەمین عالم) لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە پاش خۆی چەندین بەرهەمی گرنگی لە بیری هاوچەرخدا بەجێهێشتووە ‌و یەكێك بووە لە ڕابەرانی بزوتنەوەی چەپ لە میسردا.
-    ڕۆژی 10ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، (بەشار ئەسەد)ی سەرۆك كۆماری سوریا ڕایگەیاند ئامادەیە حكومەتێكی نوێ‌ لە سوریادا پێكبهێنێت كە سەرجەم پێكهاتە ‌و لایەنەكانی سوریا بەشداربن تێیدا، داوایشی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن ‌و لایەنە شۆڕشگێڕەكان كرد دەستبەرداری خۆپیشاندان ببن ‌و بەشداربن لەو حكومەتەدا بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان داواكەی ئەسەدیان ڕەتكردەوە.
-    ئەمڕۆ لە ژاپۆن جەژنی پۆلیسە كە بە بۆنەی دامەزراندنی پۆلیسی ئەو وڵاتەوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت.