ڕۆژی 15ی كانونی دووەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 910ی زایینی، دەوڵەتی فاتیمی لە مەغریبی عەرەبی دامەزراوە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1622، نوسەر ‌و شانۆنامەنوسی فەرەنسی (مۆلێر) لە دایك بووە كە لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری بە بواری ئەدەب كردوە ‌و چەندین بەرهەمی لە پاش خۆی بەجێهێشتوە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1759، مۆزەخانەی بەریتانیا كراوەتەوە كە بە یەكێك لە گەورەترین مۆزەخانەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1854، سوپای ڕوسیا لە ناو خاكی ڕۆمانیادا پەلاماری سوپای عوسمانییەكانی دا كە بە جەنگی جاتانا ناسراوە، بەڵام پەلامارەكە شكستی هێنا ‌و سوپای ڕوسیا بە قورسی تێكشكا.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1892، بنەماكانی یاریی باسكە لەلایەن (جیمس نیسمس)ەوە دانرا كە دواتر جەماوەری زۆر بوو بوە یەكێك لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1915، چاپخانەی كوردستان دامەزراوە بۆ بڵاوكردنەوەی پەڕتووك ‌و بڵاوكراوە كوردییەكان.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1918، (جەمال عەبدولناسر)ی سەرۆك كۆماری پێشووتری میسر لە دایك بووە كە بە یەكێك لە سەركردە بەتواناكانی عەرەب ئەژمار دەكرێت.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1929، (مارتن لۆتەر كینگ)ی ڕابەری ڕەشپێستەكانی ئەمریكا لە دایك بووە كە بە هۆی داكۆكیكردنی لە مافی مرۆڤ ‌و نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی، ساڵی 1964 خەڵاتی نۆبڵی بۆ بواری ئاشتی پێبەخشراوە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1934، بومەلەرزەیەكی وێرانكەر ناوچەی بیهاری لە هندستان ‌و ناوچەكانی نیپاڵ گرتەوە كە گوڕەكەی 8.4 پلە بوو بە پێوەری ڕێختەر، بەو هۆیەشەوە نزیكەی 11 هەزار كەس گیانیان لە دەست دا ‌و دەیان هەزاریش بریندار بوون.
-    لەگەڵا نزیكبوونەوەی كۆتاییەكانی جەنگی دووەمی جیهانی ‌و شكستهێنانی سوپای هێتلەر، ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1944، لیژنەی ڕاوێژكاریی ئەوروپا كە لە نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان پێكهاتبوو بڕیاریدا لە پاش كۆتاییهاتنی جەنگ ئەڵمانیا دابەش بكرێت.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1948، پەیماننامەیەك لە نێوان پاشای عێراق ‌و دەوڵەتی بەریتانیادا مۆر كرا كە ناوی لێنرا پەیمانی (بۆرتسمۆس) ‌و بە گوێرەی ئەو پەیماننامەیەش كاروباری عێراق ‌و باشوری كوردستان چووە دەست حكومەتی بەریتانیاوە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1958، یەكەم ژمارەی گۆڤاری شەفەق لە شاری كەركوك بڵاوكراوەتەوە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1974، كۆبوونەوەیەك لە نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ‌و حزبی شیوعی عێراقدا لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نێوان حزبی شیوعی عێراق ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان.
-    بە هۆی پشتیوانیكردن لە شۆڕشی كورد لە باشوری كوردستان ‌و ڕازینەبوون بە داواكارییەكانی دەوڵەتی عێراق، ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1975، ڕۆژنامەی كوردستان كە ئۆرگانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو لە شاری بەغداد چاپ دەكرا لە بڵاوكردنەوە ڕاگیرا.
-    سەرەڕای گفتوگۆی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە یەك ساڵا كە مەبەست لێی چارەسەركردنی كێشەی كورد بوو لە عێراقدا، سەرئەنجام بە هۆی پابەندنەبوونی بەغداد بە بەڵێنەكانیەوە ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1985، یەكێتیی نیشتمانی گفتوگۆكانی لەگەڵا حكومەتی عێراق ڕاگرت.
-    لە پاش 21 ساڵا حوكمی سەربازی لە بەرازیل، ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1985، كۆتایی بە حوكمی سەربازیی هات ‌و دەسەڵاتێكی مەدەنی لەو وڵاتەدا پێكهێنرا.
-    بە گوێرەی بڕیاری 678ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كاتژمێر 12ی شەوی ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 1991 كۆتایی بەو وادەیە هات كە كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ سوپای عێراقیان دانابوو تا لە خاكی كوەیت بچێتە دەرەوە ‌و ڕێگەچارەی سەربازیی نەگیرێتە بەر، بەڵام هەتا ئەو كاتە سوپای عێراق لە كوەیت نەكشایەوە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2004، (مەعروف دوالیبی) سەرۆك وەزیرانی پێشووتری سوریا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بوە لە سەركردە دیارەكانی سوریا.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2004، وەفدێكی حكومەتی لیبیا سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهیدیان كرد ‌و ڕایانگەیاند كە شەقامێكی شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا ناودەنێن هەڵەبجە.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2005، جەماوەری شارۆچكەی مەخمور خۆپیشاندانێكی فراوانیان ڕێكخست ‌و داوای ئەوەیان كرد قەزای مەخمور لە ڕووی ئیدارییەوە بگەڕێنرێتەوە سەر پارێزگای هەولێر كە پێشتر بە بڕیارێكی حكومەتی بەعس خرابوە سەر پارێزگای نەینەوا.
-    لە پاش مردنی (شێخ جابر ئەحمەد سوباح)ی میری كوەیت، ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، ئەنجومەنی وەزیرانی كوەیت (سەعد عەبدوڵڵا سالم سوباح)ی جێنشینی وەكو میری نوێی كوەیت دەستنیشان كرد.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2007، سزای لە سێدارەدانی هەریەكە لە (بەرزان تكریتی) زڕبرای سەدام حسێن ‌و (عەواد بەندەر)ی سەرۆكی دادگای بە ناو شۆڕش لە سەردەمی بەعسدا جێەجێكرا كە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بە تاوانی جەنگ ‌و كۆمەڵكوژیی تاوانبار كرابوون.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، دوای هەڵهاتنی (زەینلعابدین بنعەلی) سەرۆكی تونس لەو وڵاتە، (فوئاد مبزەع) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی تونس وەكو سەرۆكی كاتیی ئەو وڵاتە سوێندی یاسایی خوارد تا كاتی هەڵبژاردنێكی گشتی لە تونسدا.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، ئەدیب ‌و شاعیری نوێخوازی سعودی (محەمەد سبێتی) لە تەمەنی 69 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە خاوەنی چەند دیوانە شیعرێك بووە ‌و ڕۆڵی باشی بینیوە لە پێشخستنی ئەدەبی نوێی سعودیدا.
-    ڕۆژی 15ی كانونی دووەمی ساڵی 2012، چالاكوان ‌و سیاسەتمەداری ئیسپانی (مانوێل فراگا) لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بووە لە ڕابەرانی پێشكەوتووخوازی گەلی ئیسپانیا ‌و ڕۆڵی زۆری هەبووە لە نوسینەوەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتەدا، لە ماوەی ژیانیشیدا چالاكوانێكی سیاسیی بەهێز بووە ‌و پارتی گەلی لیبراڵی ئیسپانیای دامەزراندووە و بۆ ماوەی 16 ساڵیش سەرۆكی ئەنجومەنی دەسەڵاتی خۆجێیەتیی هەرێمی گالیسیا بووە.
-    ئەمڕۆ لە ئەمریكا بە ڕۆژی (مارتن لۆتەر كینگ) ئەژمار دەكرێت ‌و یادی كۆشش ‌و هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی یەكسانیی ‌و مافەكانی مرۆڤ دەكرێتەوە، لە كۆریای باكوریش ئەمڕۆ ڕۆژی ئەلف ‌و بێی كۆرییە.