وردەكاریی سەردانی وەزیری كارەبا بۆ سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

وەزیری كارەبای هەرێم ‌و وەفدێكی هاوڕێی سەردانی پارێزگای سلێمانییان كرد ‌و لەگەڵ پارێزگار كۆبوونەوە، دواتر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی سەردانەكە خرایەڕوو.
ڕۆژی دووشەممە 13/1/2019، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیی كرد لە بەڕێزان وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی، لە كۆبونەوەیەكدا گفتوگۆ كرا لەبارەی تەواوی سێكتەرەكانی كارەبا و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و پارێزگای سلێمانی.
دواتر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێزان وەزیری كارەبا و پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی تیشكیان خستە سەر ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە، كە بە پێی بڕیاری وەزارەتی كارەبا هەڵمەتی دانانی پێوەری زیرەك دەستی پێكردووە و تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانیدا (٤٢٠٠٠) چل و دوو هەزار پێوەری زیرەك دانراون و پرۆسەكەش بەردەوامە، كە كاریگەریی دیاری لەسەر ماوە و بڕ و لایەنی تەكنیكیی كارەبا دەبێت.
لە كۆنفرانسەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، هەر شوێنێك پێوەری كارەبای نییە تا ڕۆژی (١ی شوباتی ٢٠٢٠) دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەی رەسمی پێوەری كارەبا دابنێت و لەدوای ئەو ماوەیەوە لێپێچینەوە و رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەرامبەر هەر كەسێك كە كارەبا بە شێوەی نایاسایی رابكێشێت.
نرخی یەكەی كارەبای شوێنە كشتوكاڵی و باخچەكان لەگەڵ نرخی ماڵاندا هاوتا كرانەوە و كەمكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبا بۆ شوێن و پڕۆژە بازرگانیی و پیشەسازیی و گەشتیارییەكان وەزارەتی كارەبا لەسەر پێشنیازی پارێزگاری سلێمانی ڕەزامەندیی دەربڕیوە و لە ماوەی ئایندەدا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتە گرنگە یەكلا دەكاتەوە.
باس لەوەش كرا كە بڕیار دراوە پرۆژەی ڕوناككردنەوەی شەقامی مەولەوی و گەڕەكەكانی تری ناو شاری سلێمانی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە بواری وزە نوێكانیشدا بڕیارە لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا وێستگەیەكی ٥٠ مێگاواتیی كارەبا كە سود لە ئاو وەردەگرێت لەگەڵ وێستگەیەكی ١٦٥ مێگاواتی كارەبا كە سود لە غازی بیرە نەوتەكان وەردەگرێت لە گەرمیان دابمەزرێنرێن، وێستگەیەكی وزەی خۆریش بە ٢٥ مێگاوات لە سلێمانی و وێستگەی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕاپەڕین دابمەزرێنرێن.
هەر لە میانی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا داوا لە هەموو هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان و كەرتی گشتی و تایبەت كرا قەرزی كارەبا بۆ وەزارەتی كارەبا بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە خزمەتكردنی سێكتەری كارەبادا خەرج بكرێت.
بەڕێز وەزیری كارەبا سوپاسی پارێزگاری سلێمانی كرد، كە پشتیوانی تەواوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانییە و جگە لەو تەرخانكراوە ماڵیی و تەكنیكیانەی لە ڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بۆ سلێمانی و دەوروبەری دابین كراوە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڕی (2.039.747.909) دیناری لە بودجەی پارێزگا خەرج كردووە.

بۆ بینینی دەقی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكە كلیك لەم لینكە بكە:

https://www.youtube.com/watch?v=iG1RDbNaZtE

بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی كار ‌و چالاكییەكانی پارێزگای سلێمانی، دەتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فۆڵۆمان بكەن ‌و نوێترین هەواڵ ‌و زانیاریتان بەدەست بگات، بەم ئەدرەسانەی خوارەوە:

https://twitter.com/SlemaniGov

https://www.linkedin.com/company/30141235/admin/

https://www.facebook.com/slemanigov/

https://www.instagram.com/slemani_governorate/

https://www.youtube.com/channel/UCYh48iQHYPrIJdftytgLeqg?view_as=subscriber