ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لەپارێزگاری ماردین و شاندێكی یاوەری، دوای گفتوگۆیەکی چر و پڕ لەلایەن شاندی میوانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (24)ی نیسانی (2016) لەبینای پارێزگای سلێمانی دكتۆر ئاسۆ فەرەیدون و بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پێشوازیان لەوەفدێكی پارێزگای ماردین كرد، كە پێكهاتبوون لەپارێزگار و بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی ماردین و لێپرسراوی ڕێكراوێكی ئەو پارێزگایەكرد.
وەفدی میوان هۆكاری سەردانەكەیان بۆ ئەو پێشكەوتن و ئازادییەی شاری سلێمانی گەڕاندەوە، كە تیایدا بەرجەستە بووە، باسیان لەوەكرد كە لەكوردستانی باكوردا ناوی سلێمانی هەمیشە وەك پارێزگایەكی باكوری كوردستان دەبینرێت و جیاوازی ناکان لەنێوان هیچ شارێکدا، خۆشحاڵی خۆشیان بەسەردانەکە دەربڕی و دوای گفتوگۆیەکی چر و پڕ خەڵاتێكی ڕێزلێنانی شاری ماردینی باکوری کوردستانیان بەخشیە پارێزگاری سلێمانی.
لەدانیشتنەكەیاندا دكتۆر ئاسۆ باسی ئەو پێشكەوتنە كلتوری و ڕۆشنبیرییەی شاری سلێمانیكرد، كە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووەوە بەخۆیەوە بینیووە، باسی لەوەشكرد كە سلێمانی هەمیشە دەرگای كراوەبووە بۆ هەرچوارپارچەی كوردستان و ماڵی هەموو كوردێك بووە بەبێ هیچ ڕێگری و فشارێك.