ڕۆژی 20ی كانونی دووەم

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 820ی زایینی، (ئیمام شافعی) یەكێك لە سەرمەزهەبەكانی ئایینی ئیسلام، لە میسر كۆچی دوایی كردووە، كە ناوی تەواوی محەممەد بن ئیدریسە ‌و ساڵی 767 لە فەڵەستین لە دایك بوە ‌و بە دامەزرێنەری زانستی ئسوڵی فیقه ناسراوە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1775، زانای بوارەكانی فیزیا ‌و بیركاریی (ئەندری ماری ئەمپێر) لە فەرەنسا لە دایك بووە كە خاوەنی چەندین بیردۆزی زانستییە ‌و خزمەتێكی زۆری بە زانست كردوە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1872، هێزەكانی داگیركاری فەرەنسا لە جەزائیر (ئەحمەد بومەرزاق)ی سەركردەی شۆڕشگێڕەكانی جەزائیریان دەستگیر كرد، دواتریش بە تاوانی كوشتنی هێزەكانی فەرەنسا لە سێدارەیان دا.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1899، زانا ‌و داهێنەری ژاپۆنی (كینجیرۆ تاكایاناگی) لە دایك بووە كە یەكەم كەس بووە لە ژاپۆندا تەلەفزیۆنی دروست كردووە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1941، هێزەكانی سوپای ئیتاڵیا لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا هەڵیانكوتایە سەر خاكی ئەریتریا ‌و لە ماوەیەكی كەمدا داگیریان كرد.
-    لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیی ‌و چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكاندا، ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1944، فڕۆكە جەنگییەكانی بەریتانیا 2300 تۆن بۆمبیان بە سەر شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیادا خستە خوارەوە ‌و بەشێكی زۆری ئەو شارەیان وێران كرد.
-    بە هۆی سەرقاڵبوونی جیهان بە جەنگی دووەمی جیهانییەوە، لەگەڵا ئەوەی دەبوایە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە ئەمریكا ئەنجامبدرایە، بەڵام كۆنگرێسی ئەمریكا هەڵبژاردنەكەی دواخست ‌و ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1945، (فرانكلین ڕۆزفڵت)ی وەكو سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژاردەوە كە تەنها سەرۆكی ئەمریكایە سێ‌ خولی لە دوایەك سەرۆكایەتیی ئەمریكای كردبێت ‌و  ماوەیەكیش لە خولی چوارەمدا ئەو پۆستەی بە دەستەوە بووبێت.
-    دوای بردنەوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا، ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1953، (دوایت ئەیزنهاوەر) وەكو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان سوێندی یاسایی خوارد و چووە سەر كورسیی دەسەڵات.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1961، (جۆن كینیدی) هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی بردەوە ‌و بووە سەرۆكی ئەمریكا كە لە دوای دوو ساڵ تیرۆر كرا.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1962، (عەبدوڵڵا سالم سوباح)ی میری كوەیت سەرپەرشتیی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دامەزراندنی ئەو وڵاتەی كرد كە ڕاسپێردرابوو بۆ نوسینەوەی دەستووری كوەیت.
-    دوای ڕێككەوتنی ئێران ‌و ئەمریكا لە سەر ئازادكردنی دبلۆماتكارانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە شاری تاران، كە نزیكەی 15 مانگ بوو لەلایەن شۆڕشگێڕانی ئێرانەوە دەستبەسەر بوون، ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1981، دبلۆماتكارەكان ئازاد كران ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵا چوونە سەر كورسیی حوكم لە ئەمریكا لەلایەن (ڕۆناڵد ڕیگن)ەوە كە لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێنابوو.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1987، تۆپخانەكانی سوپای عێراق بە خەستی بۆردومانی دەشتی هەولێر ‌و گوندی (سێگرتكان)یان كرد كە بە هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا ‌و ژمارەیەكی زۆریش ئاوارە بوون.
-    بە هۆی هەوڵە بەردەوامەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئامانجی بەرپاكردنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیلی ‌و فەڵەستینییەكاندا، ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1993، كۆبوونەوەیەكی نهێنی لە نێوان نوێنەرانی ڕێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین ‌و دەوڵەتی ئیسرائیلدا لە نەرویژ ئەنجامدرا كە دواتر كۆبوونەوەكان درێژەیان هەبوو بە هۆیانەوە ڕێككەوتننامەی ئاشتیی ئۆسلۆی لێكەوتەوە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1995، نزیكەی 50 نوسەر ‌و ئەدیبی شاری هەولێر بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕی براكوژی لە باشوری كوردستان، یاداشتێكیان ئاراستەی هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو یەكێتیی نیشتمانی ‌و پارتی دیموكرات كرد ‌و داوای دەستبەجێ‌ ڕاگرتنی شەڕەكەیان كرد، بەڵام هیچ ئاكامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە.
-    دوای ڕێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل ‌و فەڵەستینییەكاندا هەڵبژاردنێكی گشتی لە فەڵەستین ئەنجامدرا بۆ پێكهێنانی دەسەڵاتێكی ئۆتۆنۆمی ‌و سەرئەنجام ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1996، (یاسر عەرەفات)ی سەرۆكی ڕێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی وەكو سەرۆكی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەڵەستینی هەڵبژێردرا.
-    بە هۆی ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتیانی فلیپین لە بەرامبەر حكومەتی ئەو وڵاتە، ساڵی 2001 شۆڕشێكی جەماوەریی بەرفراوان لە سەرتاپای فلیپین بەرپا بوو، كە بە هۆیەوە ڕۆژی 20ی كانونی دووەم كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی (جۆزێف ئیسترادا) هێنرا ‌و خرایە زیندانەوە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2006، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی ئاشكرا كرد كە تێیدا لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی بە كۆكردنەوەی 128 كورسی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی بۆ خۆی مسۆگەر كردبوو، لە پاش ئەویش لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە پلەی دووەم هاتبوو بە كۆكردنەوەی 53 كورسی، بەرەی تەوافوقیش بە 45 كورسی پلەی سێهەمی بە دەست هێنابوو، لیستی عێراقییەش بە كۆكردنەوەی 25 كورسی چوارەم لیستی براوە بوو.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2007، سیناتۆری دیموكراتخواز (هیلاری كلینتۆن) ئاشكرای كرد لە سەر پارتی دیموكراتی ئەمریكا وەكو نوێنەری دیموكراتخوازەكان خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا دەپاڵێوێت كە بڕیاربوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەنجام بدرێت.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، ئەدیب ‌و مێژوونوسی عێراقی (حسێن عەلی مەحفوز) كۆچی دوایی كردووە.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2009، (باراك ئۆباما) هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكای بردەوە كە لە مێژووی ئەمریكادا یەكەم ڕەشپێستی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی بوو پۆستی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان بگرێتە دەست.
-    ڕۆژی 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2011، ڕۆماننوس ‌و ئەدیب ‌و نوسەر ‌و شاعیری ناوداری ئەمریكی (ڕینۆڵدز برایس) لە تەمەنی 78 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و كۆمەڵێم بەرهەمی بەپێزی لە پاش خۆی بەجێهێشتوە.
-    ئەمڕۆ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ڕۆژی سوێندی سەرۆكایەتیی ئەژمار دەكرێت ‌و ئەو كەسانەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ئەمریكا دەبەنەوە لەم ڕۆژەدا وەكو سەرۆك سوێندی یاسایی دەخۆن، هەر ئەمڕۆش یەكەم ڕۆژی بورجی سەتڵ (دەلۆ)یە.