ده‌زگای فریاگوزاری سویدیی پشتیوانی نوسینگه‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌كات

پارێزگای سلێمانی

 

وه‌فدێكی ده‌زگای فریاگوزاری شارستانی سویدی(MSB) سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی سلێمانی(JCC) و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك فه‌رمانگه‌ی سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ و رایانگه‌یاند پلانیان هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی داهاتوودا هاوكاری نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن له‌رووی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای كارمه‌ندان و به‌ڕێوه‌بردنی كێشه‌و قه‌یرانه‌كان.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ ‌ رۆژی 22ی كانوونی دووه‌می 2020 به‌رێوه‌چوو، بەسەرپەرەشتى عومه‌ر محه‌مه‌دئه‌میین جێگری پارێزگاری سلێمانی و سه‌رپه‌رشتیاری نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی سلێمانی,  بە ئامادەبوونى باباڕه‌سوڵ غه‌فور به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی قه‌یرانه‌كانی سلێمانی و خاتوو سه‌ندرا بوجسى به‌رێوه‌به‌ری پرۆگرام ژماره‌یه‌ك له‌ پسپۆڕی  ده‌زگای فریاگوزاری شارستانی سویدی(MSB), هەروەها نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌كانی ئاو و دارستان و پاوه‌ن، چاكردنی رێگه‌وبان و شاره‌وانی و به‌رگری شارستانی و كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی و په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی و به‌رێوه‌به‌ری به‌شه‌كانی نوسینگه‌ هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان و نوێنه‌ره‌كانی نوسینگه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌  گه‌رمیان و راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌.

 له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رپه‌ره‌شتیاری نوسینگه‌ی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی سلێمانی (JCC) به‌ناوی پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ به‌خێرهاتنی وه‌فده‌كه‌ی كردوو،سوپاسی دامه‌زراوه‌كه‌ی كرد  كه‌ هاوكاری نوسینگه‌ی قه‌یرانه‌كانیان كردووه‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌بواری په‌ره‌پێدانی توانای كارمه‌ندان و ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كاره‌كان ئاسانتر بێن به‌ده‌سته‌وه‌ هیواشی خواست به‌رده‌وام بن له‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵیان.

 پاشان به‌رێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی سلێمانی، له‌سه‌ر دروست بوون و پێكهاته‌و كاروچالاكییه‌كانی  نوسینگه‌ دواو پوختیه‌كی له‌و باره‌وه‌ پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ری به‌شی پلانی (JCC) وه‌ پزەنتەیشنێک سەبارەت بە ئەو خول و هاوکارییانەى دامەزراوەکە پێشکەشى نوسینگەى قەیرانەکانى کردووە خرایەڕوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو سه‌ندرا به‌رێوه‌به‌ری پرۆگرام له (MSB)‌ خۆشحاڵی  ده‌ربڕی به‌ دیداره‌كه‌ و كورته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی رێكخراوه‌كه‌و هه‌ماهه‌نگی و پلانه‌كانی له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان خسته‌ڕوو.

 روونی كرده‌وه‌ ده‌مه‌زراوه‌كه‌یان كار له‌سه‌ر رووبه‌روونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ گه‌وره‌و بچوكه‌كان  ده‌كات له‌ جیهاندا و له‌سەرەتاى دامه‌زراندنی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هاوکارى ئەم دامەزراوەیەى حکومەتى هەرێمیان کردووە.

 راشیگه‌یاند  بۆ دوو ساڵی داهاتوو پلانمان هه‌یه‌ و فه‌ندییان وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کارو هاوکارى بکەن له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت له‌بواری هه‌ماهه‌نگی و ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی روودانی مه‌ترسی  و كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كه‌ش بۆ هه‌مان مه‌به‌سته‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌كان  تێبینی و داواكاریی خۆیان خسته‌ڕوو و گفتوگۆیان كرد له‌سه‌ر ئه‌و بوارانه‌ی پێویستن بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتیان بكرێت.