- ڕۆژی 3ی یەنایەر (كانونی دووەم)ی ساڵی 1988، تەرمی 40 گەنجی كورد هێنرانەوە بۆ شاری سلێمانی كە پێشتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر كرابوون و لەلایەن دادگاكانی بەعسەوە تاوانبار كرابوو و دواتر بە دەستی هێزە ئەمنییەكان لە سێدارە درابوون.
- ڕۆژی 5ی یەنایەری ساڵی 1984، سیاسەتمەدار و مێژوونوسی گەورەی كورد پرۆفیسۆر (تەوفیق وەهبی) لە شاری لەندەن كۆچی دوایی كردووە كە دواتر تەرمەكەی گەڕێنراوەتەوە بۆ باشوری كوردستان لە مەزارگەی پیرەمەگرونی سەر بە شاری سلێمانی بە خاك سپێردراوە، تەوفیق وەهبی خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و مێژوویی بوە و لە ماوەی ژیانیدا كاری زۆری كردوە بۆ پەرەدان بە هەستی نیشتمانپەروەریی و نەتەوایەتی.
- ڕۆژی 6ی یەنایەری ساڵی 1986، هێزێكی زۆری سوپای عێراق بە هاوكاریی جاشەكان پەلاماری ناوچەكانی پێشمەرگەیان دا و زیاتر لە دە گوند لە بناری پیرەمەگروون سوتێنران، هێزی پێشمەرگەش بە توندی ڕووبەڕوویان بووەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەكەدا دەیان كوژراو و بریندار لە هەردوولا هەبوون.
- ڕۆژی 6ی یەنایەری ساڵی 1988، هێزە ئەمنییەكانی ڕژێمی بەعس لە شاری سلێمانی لە بەرامبەر چالاكییەكی ڕێكخستنەكانی پێشمەرگەدا چەندین دوكانی هاووڵاتیانیان لە ناو شاری سلێمانی و لە ناوچەی ئەسحابە سپی ڕووخاند.
- ڕۆژی 7ی یەنایەری ساڵی 1923، (سمایل خانی شكاك) واتە سمكۆ سەردانی شاری سلێمانیی كرد و لەلایەن شێخ (مەحمودی حەفید)ی مەلیكی كوردستانەوە پێشوازیی لێكرا.
- ڕۆژی 7ی یەنایەری ساڵی 1982، خوێندكارانی زۆربەی خوێندنگەكانی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان لە دژی ڕژێمی بەعس ئەنجامدا، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكان بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بڵاوەیان پێكردن.
- پاش ئەوەی (سمایل خانی شكاك) گەیشتە شاری سلێمانی، ڕۆژی 8ی یەنایەری ساڵی 1923، دانیشتوانی شاری سلێمانی بەو بۆنەیەوە دوكان و بازاڕەكانیان داخست و دەوامكردنیش لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا ڕاگیرا، بە مەبەستی پێشوازیكردن و سازدانی مەراسیمی گەورە.
- ڕۆژی 9ی یەنایەری ساڵی 1997، شاعیری گەلی كورد مامۆستا (حەسیب قەرەداغی) كۆچی دوایی كردووە، كە ناوی تەواوی حەسیب شێخ عەلی شێخ عەبدولڕەحمان قەرەداغییە و ساڵی 1929 لە گوندی سۆڵەی سەر بە شاری سلێمانی لە دایك بوە، یەكێك بوە لە كەسە نیشتمانپەروەرەكان و هەوڵی زۆری داوە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و بە هۆی هەڵوێستە نەتەوایەتییەكانیەوە چەندین جار زیندانی كراوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە تووشی گرتن و گواستنەوە بوە، لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی بەپێزی نوسیوە و خزمەتێكی زۆری ئەدەبی كردوە، تا دواجار لە شاری سلێمانی و لە تەمەنی 68 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوان بەخاك سپێردرا.
- ڕۆژی 10ی یەنایەری ساڵی 2001، بنكەی ئەدەبی و ڕوناكبیریی گەلاوێژ پێنجەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژی لە شاری سلێمانی سازكرد كە ماوەی 10 ڕۆژی خایاند و دەیان نوسەر و ئەدیبی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد.
- ڕۆژی 11ی یەنایەری ساڵی 1987، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە چالاكییەكدا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ناوچەكانی سەرچنار و زەرگەتەی شاری سلێمانییان كۆنترۆڵا كرد و دەستیان بەسەر ژمارەیەك كەلوپەلی سەربازیی و چەك و ئۆتۆمبێلدا گرت، دواتریش هێزەكانی سەر بە رژێمی بەعس شاڵاوێكی دەستگیركردنیان لەو دوو ناوچەیە ئەنجامدا و چەندین كەسیان دەستگیر كرد.
- ڕۆژی 13ی یەنایەری ساڵی 1910، شاعیری بە ناوبانگی گەلی كورد (شێخ ڕەزای تاڵەبانی) لە شاری بەغداد كۆچی دوایی كردووە كە یەكێكە لە شاعیرە گەورەكانی گەلی كورد و بە شیعری هەجوو ناسراوە و ساڵی 1831 لە سنوری چەمچەماڵ لە دایك بوە، لە ماوەی ژیانیدا بێجگە لە كاری ئەدەبیی و شیعر خزمەتێكی زۆریشی بە بواری ئایین كردوە و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ شاعیرانی ئەو سەردەمەدا هەبوە.
- ڕۆژی 13ی یەنایەری ساڵی 1998، وەفدێكی حكومەتی هۆڵەندا گەیشتنە شاری سلێمانی بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان و هاوكاریكردنی باشوری كوردستان لە ڕووی مرۆییەوە.
- ڕۆژی 14ی یەنایەری ساڵی 1926، لە پاش بڵاوكردنەوەی 56 ژمارەی ڕۆژنامەی ژیانەوە لە شاری سلێمانی ناوی ڕۆژنامەكە گۆڕدرا بۆ ژیان.
- رۆژی 17ی یەنایەری ساڵی 1948، بە فەرمانێكی حكومەتی عێراق حەسەن عەبدوڵڵا شێخ رەزا لە پۆستی موتەسەڕیفی سلێمانی لابرا، كە لە رۆژی 11ی ئۆگەستی ساڵی 1946ەوە لەو پۆستەدا بوو.
- ڕۆژی 18ی یەنایەری ساڵی 2002، تیپی میوزیكی سلێمانی بەشداریی لە دووەمین فێستیڤاڵی هونەریی میوزیكی كوردیدا كرد كە لە شاری سنەی خۆرهەڵاتی كوردستان سازكرا و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.
- ڕۆژی 19ی یەنایەری ساڵی 1947، لەلایەن دادگای دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراقەوە بڕیاری لە سێدارەدان بۆ هەر چوار ئەفسەرەكەی كوردستان (مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی، عزەت عەبدولعەزیز و خەیروڵڵا عەبدولكەریم) دەرچوو كە دواتر لە شاری بەغداد بڕیارەكە جێبەجێ كرا.
- رۆژی 19ی یەنایەری ساڵی 1948، بە فەرمانی حكومەتی بەغداد، سەید عەلی حیجازی وەكو موتەسەڕیفی لیوای سلێمانی دەستنیشان كرا و شوێنی حەسەن عەبدوڵڵا شێخ رەزای گرتەوە، حیجازی كەمتر لە سێ مانگ لەو پۆستەدا مایەوە.
- ڕۆژی 19ی یەنایەری ساڵی 1990، هێزەكانی ڕژێمی بەعس پەلاماری ماسیگرەكانی دەریاچەی دوكانیان دا بە هۆیەوە نزیكەی 60 هاوڵاتی كە پیشەیان ماسیگرتن بوون كوژران یاخود سەرنگوم كران.
- ڕۆژی 20ی یەنایەری ساڵی 1923، (شێخ مەحمودی حەفید) مەلیكی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی یەكێتیی سۆڤێت كرد تا هاوكاریی شۆڕشی كورد بكەن لە دژی سوپای داگیركاری بەریتانیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی مۆسكۆ وەڵامی داواكەی مەلیكی كوردستانیان نەدایەوە.
- ڕۆژی 20ی یەنایەری ساڵی 1963، هونەرمەندی شانۆكاری كورد (شۆڕش قادر) لە شاری سلێمانی لە دایك بووە.
- رۆژی 21ی یەنایەری ساڵی 1959، بە فەرمانێكی حكومەتی بەغداد، عادل جەلال كرایە پارێزگاری سلێمانی و شوێنی عەبدولموتتەلیب ئەمینی گرتەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ لەو پۆستەدا مایەوە.
- ڕۆژی 21ی یەنایەری ساڵی 1926، یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی ژیان لە شاری سلێمانی بڵاوكرایەوە كە رۆژنامەیەكی ئەدەبی و كەلتوریی و رووناكبیری بوو چەندین نوسەر و كەسایەتیی دیاری باشوری كوردستان بابەتیان تێدا بڵاو دەكردەوە.
- ڕۆژی 21ی یەنایەری ساڵی 1989، هێزەكانی ڕژێمی بەعس شاڵاوێكی گەورەیان لە ناوچەی گەرمیان دەست پێكرد بە مەبەستی دەستگیركردنی گەنجانی كورد و دۆزینەوەی ئەو پێشمەرگانەی كە لەو ناوچەیەدا شەڕی پارتیزانییان بەرامبەر بە سوپای عێراق و هێزەكانی سەر بە بەعس دەكرد.
- ڕۆژی 22ی یەنایەری ساڵی 1987، فڕۆكەكانی سوپای بەعس بۆردومانی گوندی سەرگەڵوی سەر بە پارێزگای سلێمانییان كرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەك قوربانیی لێكەوتەوە.
- ڕۆژی 23ی یەنایەری ساڵی 1983، مەفرەزە پارتیزانەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی سورداش پەلاماری سوپای عێراقیان دا لە ئەنجامدا چەندین سەرباز و جاش كوژران كە پاسەوانێتییان لە كەمپی سوسێی نزیك شاری سلێمانی دەكرد.
- رۆژی 24ی یەنایەری ساڵی 1970، لەسەر فەرمانی حكومەتی عێراق شوكری سەبری حەدیسی وەكو پارێزگاری سلێمانی دەشتنیشان كرا و پۆستەكەی گرتە دەست و شوێنی كەریم حەسەن قەرەنیی گرتەوە، كە هەتا 15ی یەنایەری ساڵی 1971 لەو پۆستەدا مایەوە.
- ڕۆژی 25ی یەنایەری ساڵی 1866، (مستەفا پاشای یاموڵكی) لە شاری سلێمانی لە دایك بووە كە لە هەمان ڕۆژیشدا بەڵام ساڵی 1936 و لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردووە.
- ڕۆژی 25ی یەنایەری ساڵی 1948، (كەریمی عەلەكە) كۆچی دوایی كردووە كە كەسایەتییەكی ناسراو و پیاوچاكی شاری سلێمانی بووە و هاوكارییەكی زۆری هەژارانی كردووە.
- ڕۆژی 25ی یەنایەری ساڵی 1963، دوایین ژمارەی گۆڤاری بڕوا لە شاری سلێمانی بڵاوكرایەوە كە ژمارە 95 بوو، كە ژمارەیەك كەسایەتیی و نوسەر بابەتیان تێدا بڵاو دەكردەوە.
- ڕۆژی 26ی یەنایەری ساڵی 1939، یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی ژین لە شاری سلێمانی بڵاوكرایەوە كە لەلایەن (پیرەمێرد)ی شاعیرەوە سەپەرشتیی دەكرا و رۆژنامەیەكی ئەدەبیی و رۆشنبیریی و سیاسی بوو، چەندین نوسەر و رووناكبیری كورد بابەتیان تێدا بڵاو دەكردەوە.
- رۆژی 27ی یەنایەری ساڵی 2010، بە فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهرۆز محەمەد ساڵح وەكو پارێزگاری سلێمانی دەست بەكار بوو شوێنی دانا ئەحمەد مەجیدی گرتەوە، كە هەتا كۆتایی مانگی دیسەمبەری ساڵی 2014 لەو پۆستەدا مایەوە.
- ڕۆژی 29ی یەنایەری ساڵی 1992، تێكۆشەر و شۆڕشگێڕی ناسراوی كورد (عومەر دەبابە) لە شاری سلێمانی و بە نەخۆشیی دڵا كۆچی دوایی كردووە كە یەكێك بوە لە خەباتگێڕەكان و لە شۆڕشی گەلی كورددا لە دژی رژێمی بەعس رۆڵێكی كاریگەریی گێڕاوە.
- ڕۆژی 31ی یەنایەری ساڵی 1978، (شاسوار جەلال سەعید)ی ناسراو بە (ئارام) لە گوندی (تەنگی سەر)ی ناوچەی قەرەداغی سلێمانی كە لەلایەن دوژمنانەوە بۆسەی بۆ نرابووەوە هێرشی كرایە سەر و گیانی لە دەست دا، شەهید ئارام یەكێك بوو لە دامەزرێنەران و سكرتێری كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
- ڕۆژی 31ی یەنایەری ساڵی 1988، حكومەتی عێراق بە زۆرەملێ چەندین شارۆچكەی لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە چۆڵ كرد و هەموو ناوچەكەشی خاپوور كرد، دواتریش كردنییە زەویی قەدەغەكراو واتە (موحەڕەمە).
- رۆژی 31ی یەنایەری ساڵی 1997، بە فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە راژەی سالار عەزیز ئیسماعیل هێنرا لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، كە لە مانگی مارسی ساڵی 1994ەوە لەو پۆستەدا بوو.
ئامادەكردنی: بەشی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی
مافی بڵاوكردنەوەی پارێزراوە