ڕۆژی 4ی شوبات

پارێزگای سلێمانی

-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1348ی زایینی، نوسەر ‌و مێژوونوسی بەناوبانگی ئیسلام (شەمسەدین زەهەبی) كۆچی دوایی كردووە، كە ساڵی 1274 لە دایك بوە ‌و چەندین بەرهەمی گەورەی لە بواری مێژوودا نوسیوە.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1524، شاعیری ناوداری پورتوگالی (لویس دی كامیۆس) لە دایك بووە كە رۆڵێكی زۆری بینیوە لە پێشخستنی بواری ئەدەب لە ئیتاڵیا ‌و ئەوروپادا.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1783، بومەلەرزەیەكی وێرانكەر ناوچەی (كالابریا)ی ئیتاڵیای هەژاند كە بە هۆیەوە نزیكەی 50 هەزار كەس مردن ‌و زیانێكی زۆری ماڵییش لەو ناوچەیە كەوت.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1789، (جۆرج واشنتۆن) وەكو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبژێردرا كە ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دروستكردنی ویلاتە  یەكگرتووەكاندا ‌و ساڵی 1792ش بۆ جاری دووەم بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرایەوە.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1859، كۆنترین دەستنوسی ئینجیل دۆزرایەوە كە بە (دەستنوسی سینائی) ناسراوە ‌و یەكێك بووە لەو 50 كۆپییەی كە لە سەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆمانی (قوستەنتینی یەكەم)دا نوسراونەتەوە.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1899، جەنگێكی گەورە لە نێوان فلیپین ‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەڵگیرسا.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1902، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا كۆمەڵەی (ئیتیحاد ‌و تەرەقی) كۆنگرەیەكی بە ناوی (كۆنگرەی سەربەخۆخوازانی عوسمانی) سازكرد بە مەبەستی كەنارگیركردنی سوڵتان (عەبدولحەمیدی دووەم)ی سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی ‌و پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیەتیی سەربەخۆ لە توركیادا لەسەر بنەمای نەتەوەیی.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1902، ئەندازیار ‌و فڕۆكەوانی ئەمریكی (چارلز لیندبرێگ) لە دایك بووە كە یەكەم كەس بووە توانیویەتی بە فڕۆكە زەریای ئەتڵەنتی ببڕێت ‌و لە ئەمریكاوە گەشت بكات بۆ ئەوروپا.
-    لە میانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا ‌و ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1915، سوپای ئەڵمانیا بە كەشتیگەلی دەریایی گەمارۆی دەوڵەتی بەریتانیای دا ‌و هەڕەشەی نغرۆكردنی هەر كەشتییەكیشی كرد كە بیەوێت نزیك بەندەرەكانی بەریتانیا ببێتەوە.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1928، لە میانی شۆڕشی ئاگری داخدا لە باكوری كوردستان شۆڕشگێڕانی كورد هێرشێكی گەورەی سوپای توركیایان تێكشكاند ‌و دوو فڕۆكەی سوپای توركیاشیان خستە خوارەوە.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1942، سوپای بەریتانیا گەمارۆی كۆشكی عابدینی تایبەت بە (مەلیك فاروق)ی میسریان دا‌و داوایان لە پاشای میسر كرد (مستەفا نەحاس)ی سەرۆكی پارتی وەفد بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێرێت بەپێچەوانەوە دەبێ‌ دەستبەرداری كورسیی پاشایەتی ببێت، سەرئەنجام پاشای میسر بە مەرجی ئینگلیز ڕازی بوو.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1945، كۆنگرەی یاڵتا لە نێوان سەرۆكەكانی ئەمریكا ‌و بەریتانیا ‌و یەكێتیی سۆڤێتدا بەڕێوەچوو بە مەبەستی دەستنیشانكردنی چۆنێتیی خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا ‌و داڕشتنی میكانیزمی پێكهێنانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1949، لە شاری تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرش كرایە سەر پاشای ئێران ‌و هەوڵی تیرۆركردنی درا بەڵام لە هەوڵەكە ڕزگاری بوو.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1975، بومەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچەی (یەنكۆكۆ هایشنگ)ی باكوری خۆرهەڵاتی چینی هەژاند كە بە هۆیەوە نزیكەی 10 هەزار كەس گیانیان لە دەست دا ‌و دەیان هەزاریش بریندار بوون ‌و سەدان هەزار هاووڵاتیش ئاوارە بوون، زۆربەی باڵەخانە ‌و خانووەكانی ئەو ناوچەیەشی وێران كرد، لە هەمان ڕۆژیشدا بەڵام ساڵی 1976 بومەلەرزەیەكی وێرانكەر لە گواتیمالای دا كە بە هۆیەوە زیاتر لە 23 هەزار كەس مردن ‌و چەندین ناوچە خاپوور بوون.
-    دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر ڕژێمەكەی (محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی) ‌و گەڕانەوەی (ئیمام خومەینی)ی رابەری شۆڕش بۆ ئێران، ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1980، (ئەبوحەسەن بەنی سەدر) كرایە یەكەم سەرۆك كۆماری ئێران.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1995، ڕۆماننوس ‌و ئەدیب ‌و نوسەری ئەمریكی (باتریشا هایسمیس) لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە كە لە ماوەی ژیانیدا چەندین ڕۆمانی سایكۆلۆژیی نوسیوە ‌و زۆربەی ڕۆمانەكانیشی كراونەتە فیلمی سینەمایی ‌و بۆ زمانە جیاجیاكانی جیهان وەرگێڕدراون.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1998، بە هۆی ڕوودانی بومەلەرزەیەكەوە بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوەری ڕێختەر كە سنورەكانی نێوان ئەفغانستان ‌و تاجیكستانی گرتەوە، 2323 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا ‌و زیاتر لە هەشتسەدی تریش بریندار بوون، بەشێكی زۆری باڵەخانە ‌و خانووبەرەی ناوچەكەش وێران بوون.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 1999، (هۆگۆ چافێز) وەكو سەرۆكی فەنزوێلا هەڵبژێردرا كە بە یەكێك لە كەسە نەیارەكانی ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت و هەتا ساڵی 2013 لەو پۆستەدا مایەوە، شافێز بە هۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری كورسیی دەسەڵات بوو مانگی ئاداری 2013 كۆچی دوایی كرد.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 2003، كۆماری یۆگۆسلافیا بە شێوەیەكی فەرمی ناوی گۆڕدرا بۆ (سربیا ‌و مۆنتینیگرۆ)ی فیدراڵی ‌و دەستوورێكی نوێش بۆ ئەو وڵاتە نوسرایەوە.
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 2005، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان فێستیڤاڵێكی گەورە بۆ یادی كۆماری مهاباد ئەنجامدرا بە ناوی فێستیڤاڵی (پێشەوا قازی محەمەد).
-    ڕۆژی 4ی شوباتی ساڵی 2012، هەریەكە لە ڕوسیا ‌و چین لە دژی بڕیارێكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ‌و كۆمكاری عەرەبی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرچووبوو لە دژی دەسەڵاتەكەی (بەشار ئەسەد)ی سەرۆكی سوریا، مافی ڤیتۆیان بەكارهێنا ‌و بڕیارەكەیان شكست پێهێنا.
-    ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە لە قەڵەم دەدرێت، هەر ئەمڕۆش لە سریلانكا بە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەژمار دەكرێت.